رووداو دیجیتاڵ
کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژی شەممەی رابردوودا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی، دۆسیەی "جێگرەوە"ی لە نێوخۆی ئێراندا بە کراوەیی هێنایەوە پێشەوە. بەگوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگەی (کارنیگی) ئەمریکی، ئێستا تاران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ پاراستنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی لەژێر گوشارە سەربازییە چڕەکان.
خامنەیی کە نزیکەی 37 ساڵ وەک باڵاترین دەسەڵاتی ئاینی و سیاسیی ئێران لە پۆستەکەیدا مایەوە، هیچ جێگرەوەیەکی فەرمی بۆ خۆی دیاری نەکرد. ئێستا پرۆسەی دیاریکردنی رێبەری نوێ لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ئەو شوێنانە دەکات کە کۆبوونەوەیان تێدا دەکرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، دەستوەردان لە هەڵبژاردنی رێبەری داهاتوودا دەکات.
بەڕێوەبردنی وڵات لە قۆناغی راگوزەردا
بەپێی مادەی 111ی دەستووری ئێران، تاوەکو هەڵبژاردنی رێبەری نوێ، ئەنجوومەنێکی کاتیی سێ کەسی ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنن. ئەم ئەنجوومەنە لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ غوڵام حوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئایەتوڵڵا عەلی رەزا عارەفی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان پێکدێت.
ئەم سێ کەسە نوێنەرایەتی سێ ئاراستەی جیاواز دەکەن. پزیشکیان وەک ریفۆرمخوازێک، ئەژەیی وەک کەسایەتییەکی نەریتخواز و دژبەری ئەمریکا، و عارەفی وەک وەفادارێکی دێرینی خامنەیی کە خۆیشی یەکێکە لە بەربژێرە بەهێزەکان بۆ پۆستی رێبەری باڵا.
بەربژێرەکانی پۆستی رێبەری باڵا
بەربژێرە دیارەکانی پۆستی رێبەری باڵا، کۆمەڵێک پیاوی ئایینین کە خاوەنی پلەی جیاوازی ئایینی و ئاراستەی سیاسیی جیاوازن. بەهۆی بەهێزیی نەریتخوازەکان لە ئەنجوومەنی شارەزایان، دوورە میانڕۆکان هەڵبژێردرێن، یان تەنانەت رەچاوی ناوەکانیشیان بکرێت، لەوانەش حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشوو و حەسەن خومەینی، نەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی.
لەنێو نەریتخوازەکاندا ناوی دوو پیاوی ئایینیی پلەباڵا دەهێنرێ کە خاوەنی پێگەیەکی ئایینیی بەهێزن. یەکێکیان ئایەتوڵڵا محەممەد مەهدی میرباقرییە، کە فەیلەسووف و تیۆریداڕێژێکی ئیسلامییە و سەرۆکی ئەکادیمیای زانستە ئیسلامییەکانی قومە، هەروەها لە ساڵی 2016ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانە. ئەوی دیکەیان ئایەتوڵڵا هاشم حوسێنی بوشەهرییە، کە پێشنوێژی کاتیی نوێژی هەینیی قوم و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانە لەگەڵ عەرەفی.
بەڵام بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، بەربژێرە هەرە لەپێشەکان بریتین لە ئایەتوڵڵا عەلی رەزا عارەفی و موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری باڵای کۆچکردوو.
عارەفی وەک جێگرەوەیەکی ئەگەری، زۆرینەی مەرجەکانی تێدایە. لە رووی ئایینییەوە، دوای بڵاوکردنەوەی زیاتر لە بیست کتێب و وتار لەسەر فیقهـ و فەلسەفەی ئیسلامی، گەیشتووەتە پلەی ئایەتوڵڵا. لە رووی سیاسییەوە، لەلایەن عەلی خامنەییەوە بۆ چەندین پۆستی باڵا دەستنیشان کرا، لەوانە سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتیی ئەلمستەفا، پێشنوێژی هەینیی قوم، سەرۆکی حەوزە زانستییەکانی ئێران، ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایان.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵی 2022دا هەندێک مشتومڕ لەبارەی چوونی عارەفی بۆ نێو ئەنجوومەنی شارەزایان دروست بوو. لەو ساڵەدا، بەبێ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نووسراوی پێویست کە لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە سەرپەرشتی دەکرێ، چووە نێو ئەنجوومەنەکەوە، هەرچەندە لە ساڵی 2019ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور بوو. لەبری ئەوە، ئەو کەسایەتییە لەلایەن خامنەییەوە بەبێ هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنەکە دەستنیشان کرا. بێگوێدانە ئەو مشتومڕە، ئەم رووداوە ئاماژە بوو بۆ ئەوەی عارەفی لەلایەن خامنەییەوە پشتگیری دەکرێ و رەنگە وەک بەربژێرێکی رێبەری باڵا چانسی زیاتری هەبێت.
بۆ چەندین ساڵ، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری داهاتوو دەستنیشان بکرێ، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە باوکی دژایەتی دەکرد. خامنەیی باوک ئەوەی بۆ دوورکەوتنەوە لە ناڕەزایەتیی ئەو بەشە لە دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی دەکرد کە بە تووندی پرسی میراتگری یان جێنشینی بنەماڵەیی رەتدەکەنەوە؛ چەمکێک کە بە پێچەوانە و دژی شۆڕشی ئێران دادەنرێ، کە لە ساڵی 1979دا کۆتایی بە پاشایەتیی پەهلەوی هێنا.
لە روانگەی سیاسییەوە، موجتەبا هیچ پۆستێکی فەرمی نەبووە. بە پێچەوانەوە، باوکی لەنێوان ساڵانی 1981 بۆ 1989 سێیەم سەرۆککۆماری ئێران بوو. لە رووی ئایینییەوە، موجتەبا – وەک باوکی پێش ئەوەی ببێتە رێبەری باڵا – تەنیا پیاوێکی ئایینیی پلە مامناوەندە، هەرچەندە لە حەوزەی زانستیی ناوداری قوم وانەی ئایینی دەڵێتەوە. ئەگەر موجتەبا ببێتە رێبەری باڵا، پێویستە ئەنجوومەنی شارەزایان پلەکەی بۆ "ئایەتوڵڵای مەزن" بەرز بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر مەرجە ئایینییە پێویستەکانیشی تێدا نەبێت. ئەم هەنگاوە بێ وێنە نییە و لە ساڵی 1989دا دەستوور هەموارکرایەوە بۆ ئەوەی هەمان کار بۆ باوکی بکرێت.
هەڵبژاردنی موجتەبا وەک رێبەری داهاتوو، تا رادەیەک بەستراوەتەوە بە نزیکیی ئەو لە دەزگا ئەمنییەکان، بەتایبەت سوپای پاسداران و هێزی بەسیج. لە دوای خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی 2009 موجتەبا هاوئاهەنگییەکی نزیکی لەگەڵ بەسیجدا کرد بۆ ئەوەی یارمەتیی باوکی و دەسەڵات بدات لە رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران.
دواجار بەو گریمانەیەی کە پرۆسەی جێنشینی لەنێو جەرگەی ململانێکانی ئێستادا بەڕێوە بچێت، ئەم پرۆسەیە زیاتر رەنگدانەوەی ویستە سیاسییەکانی رێبەری کۆچکردوو دەبێت نەک پرەنسیپە ئایینییەکان. ئەگەر عەرەفی پۆستی رێبەری باڵا بگرێتە دەست، وەک متمانەپێکراوێکی نزیک و بڕیاردەرێکی نێو دامەزراوە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەردەوامی بە میراتی خامنەیی دەدات و جێگیری دەکات. ئەگەر موجتەبا ئەو پۆستە وەربگرێت، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر جێنشینیی بنەماڵەیی، ناوی باوکی هەڵدەگرێ و پێگەی سوپای پاسداران و بەسیج لە نێو دەوڵەتێکدا کە پێشتر لەلایەن پیاوانی ئایینی و دەزگا ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، بەهێزتر دەکات.
ئەگەر پرۆسەی جێنشینی لە سایەی بەردەوامیی شەڕ و بانگەشەکان بۆ گۆڕینی دەسەڵات بێت، ئەوا پێدەچێت کەسێکی نەریتخواز بهێنێتە سەر دەسەڵات. خامنەیی پێش مردنی و لە رێگەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە، بە ئەنقەست دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرد بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە دامەزراوە سەرەکییەکان لەژێر دەستی نەریتخوازەکاندایە. بەو پێیە، رێبەری داهاتوو بە هەمان شێوە بەرامبەر نەیارە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی شەڕخواز دەبێت و بەرامبەر چالاکوانانی ناوخۆش کەم بەزەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ