تاران لەنێو دووکەڵ و تاریکیدایە، هۆشداریی لە ترشەباران دەدرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆگاکانی سووتەمەنی، ئاسمانی تاران بە تێکەڵەیەک لە دووکەڵ و هەور داپۆشراوە و رێکخراوەکانی ژینگە و فریاگوزاریش هۆشداریی تووند لەبارەی  "ترشەبارانی ژەهراوی"ـیەوە بە هاووڵاتییان دەدەن.
 
سادق زیاییان، سەرۆکی ناوەندی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران رایگەیاند: "ئەوەی لە ئاسمانی تاران دەبینرێت تێکەڵەیەکە لە دووکەڵی چڕ و هەور، لەو ناوچانەی نزیکن لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان تاریکییەکە زیاتر هەستی پێدەکرێت." 
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمڕۆ و سبەی شەپۆلێکی بارانبارین تاران دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی باوە، دووکەڵەکە هەر لە ئاسمانی شارەکەدا دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی ئاگرەکان بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێن.
 
مانگی سووری ئێران هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەقینەوەی کۆگاکانی نەوت بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی قەبارەیەکی گەورە لە گازی ژەهراوی و گۆگرد بۆ نێو هەورەکان. مانگی سوور دەڵێت: "ئەو بارانەی دەبارێت، بارانێکی ترشی زۆر مەترسیدارە و دەبێتە هۆی سووتانەوەی پێست و تێکدانی کۆئەندامی هەناسەدان."
 
مانگی سوور چەند رێنوێییەکی بۆ دانیشتووانی تاران بڵاوکردووەتەوە:
 
1- ئەگەر باران بەر پێستتان کەوت، بە هیچ شێوەیەک نەیخورێنن و تەنیا بە ئاوی سارد بیشۆن.
2- ئەو جلانەی بە بارانەکە تەڕ بوون، خێرا دایانبکەنن و بخرێنە نێو کیسەی پلاستیکییەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران داوا لە دانیشتووانی تاران دەکات بەهۆی پیسبوونی مەترسیداری هەواوە، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە. رێکخراوەکە دەڵێت، ئاستی پیسبوونی هەوا بەهۆی هێرشەکانەوە گەیشتووەتە قۆناخێکی نادروست و بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
 
ئەو ناوچانەی تاران کە زۆرترین کاریگەریی دووکەڵ و گازی ژەهراوییان لەسەرە بریتین لە:
 
1- باشووری تاران (ناوچەی ڕەی): بەهۆی بوونی پاڵاوگەی تاران (پاڵاوگەی شەهید تووندگۆیان) و کۆگاکانی نەوت لەو ناوچەیە، باشووری شارەکە زۆرترین چڕیی دووکەڵ و تاریکیی لێ نیشتوە.
2- باشووری ڕۆژئاوا: ئەو شوێنانەی کە نزیکن لە کۆگاکانی سووتەمەنیی شەهریار و ناوچە پیشەسازییەکان کە بەهۆی ئاڕاستەی باوە دووکەڵەکە بەرەو ئەو لایە دەچێت.
3- ناوچە ناوەندییەکان: بەهۆی نەبوونی با و چڕیی باڵەخانەکانەوە دووکەڵەکە لە ئاسمانی ناوەڕاستی تاران قەتیس ماوە و تێکەڵ بە هەورەکان بووە کە مەترسیی ترشەباران لەم شوێنانە زۆرە.
4- ناوچەکانی نزیک فڕۆکەخانەی مێهرئاباد: بەهۆی هەستیاریی ئەو ناوچەیە و بوونی کۆگای سووتەمەنیی فڕۆکە، ئەگەری پیسبوونی هەوا لەو دەوروبەرە زۆر بەرزە.
 
نیشانە مەترسیدارەکان بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچانە:
 
هەستکردن بە بۆنی تووندی گۆگرد یان سووتاوی.
سووتانەوەی چاو و گەروو.
تاریکبوونی ئاسمان بەشێوەیەکی نائاسایی لە کاتی رۆژدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە