رووداو دیجیتاڵ
پێشنوێژی گەورەترین مزگەوتی سوننەکانی ئێران رایدەگەیێنێت، "ئەوەی هەیە راپەڕینە و خواستی خەڵک رەوایە"؛ داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات خەڵک سەرکوت نەکەن، چونکە "خەڵک کۆڵ نادەن، بۆیە ملکەچیان بن."
رۆژی هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی مزگەوتی "مەکی" لە شاری زاهیدان لە گوتاری هەینیدا رووی دەمی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "خۆپێشاندان مافی رەوای خەڵکە و ئێرانییەکان خوازیاری گۆڕانکاریی گەورەن؛ بەرپرسان ئێرانیان کردووەتە گۆڕستانی برسییان."
مەولەوی عەبدولحەمید گوتیشی: "خەڵک داوای گۆڕانکاری کرد، گوێتان نەدا، ئێستا گۆڕانکاریی قووڵ و گەورەیان دەوێت، تاقە رێگاش هەر ئەمەیە."
پێشنوێژەکەی زاهیدان ئاماژەی بە بەشداریی فراوانی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکاندا کرد و گوتی: "شەوانی رابردوو بینیمان کە چۆن خەڵکی ئێران، پیر و لاو، ژن و پیاو، کاسبکار، هەموو ئایین و نەتەوەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان راپەڕین و هاتنە سەر شەقامەکان؛ هۆکارەکەشی نائومێدبوونی خەڵکە لە دەسەڵات."
بە بڕوای مەولەوی عەبدولحەمید، خۆپێشاندانەکان "دەستکەوتێکی گەورە" و دەرخەری یەکگرتوویی خەڵکن کە بۆ بەدەستهێنانی کەرامەتیان هاتوونەتە سەر شەقام و "دەیانەوێت ئەو دەستانەی کە نەوت و سامانی ئەم وڵاتەیان بردووە، ببڕن."
پێشنوێژی مزگەوتی مەکی داوای لە بەرپرسان کرد "لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵک کۆڵ بدەن" و گوتی: "پێشتر گوتم ریفراندۆمێکی ئازاد بەڕێوەبەرن تاوەکو بزانین خەڵک چی دەوێت، ئێستا دەڵێم ملکەچیان بن."
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، مەولەوی عەبدولحەمید پەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و گوتی: "هێزە ئەمنییەکان کوڕی ئەم خەڵکەن، لە بەرامبەر خەڵکدا رانەوەستن."
قسەکانی مەولەوی عەبدولحەمید لەکاتێکدایە، هەر رۆژی هەینی، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکدا خۆپێشاندەرانی بە ''بەکرێگیراوی بیانییەکان'' ناوبرد و هەڕەشەی کرد کە "لە بەرامبەر کەسانی تێکدەردا نەرمی نانوێنین."
خۆپێشاندان و مانگرتنەکان لە ئێران رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەستیانپێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 27 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە. هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 8ی کانوونی دووەم، مانگرتنی گشتی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ