رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئێران قەدەخەی پیاسەکردن بە سەگیان بۆ ژمارەیەک شاری دیکەی وڵاتەکە فراوان کرد و هۆکارەکەشیان بۆ "پاراستنی ئاسایشی گشتی و نیگەرانیی تەندروستی" گەڕاندەوە. بەرپرسان بە "نائیسلامی و هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی" وەسفی دەکەن.
قەدەخەکە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 راگەیێندرا و تەنیا بۆ شاری تاران بوو. ئێستا بەسەر 18 شاری دیکەی ئێراندا سەپێنراوە و گواستنەوەی سەگ لەنێو ئۆتۆمبێلیشدا قەدەخە کراوە.
راگرتنی سەگ لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی 1979ـەوە لە ئێران بە چاوێکی باش سەیری ناکرێت و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک "ناپاک" (نەجس) و کاریگەریی کولتووری رۆژئاوایی سەیر دەکرێت.
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لێی، خاوەندارێتیی سەگ لە زیادبووندایە، بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا و وەک شێوازێک لە یاخیبوون دژی رژێمی سنووردارکەری ئێران سەیر دەکرێت.
شارەکانی وەک ئەسفەهان و کرمان لەم رۆژانەی دواییدا قەدەخەکەیان جێبەجێ کردووە. بەرپرسێکی شاری ئیلام لە رۆژئاوای وڵاتەکە رایگەیاندووە، "رێکاری یاسایی" دژی ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە پێشێلی یاسا نوێیەکان دەکەن.
سەرەڕای ئەمەش، جێبەجێکردنی قەدەخەکارییەکان لە رابردوودا بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بووە و زۆرێک لە خاوەن سەگەکان هێشتا لە تاران و شارەکانی دیکە بەردەوامن لە پیاسەکردن بە سەگەکانیان.
عەباس نەجەفی، داواکاری گشتیی شاری هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت: "پیاسەکردن بە سەگ هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستیی گشتی، ئاشتی و ئاسوودەیی خەڵک." لە هەندێک حاڵەتدا خاوەن سەگەکان دەستگیرکراون و دەست بەسەر سەگەکانیاندا گیراوە.
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشتر خاوەندارێتیی سەگی (جگە لە مەبەستی شوانیکردن، راوکردن و پاسەوانی) بە "کارێکی ناپەسەند" وەسف کردبوو. لە ساڵی 2021ـدا، 75 پەرلەمانتار خاوەندارێتیی سەگیان وەک "کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی وێرانکەر" سەرکۆنەکرد کە "دەتوانێت وردە وردە شێوازی ژیانی ئێرانی و ئیسلامی بگۆڕێت."
دوای هەڵمەتە نوێیەکە، رەخنەگران دەڵێن، پۆلیس دەبێت سەرنجی لەسەر پاراستنی ئاسایشی گشتی بێت لە کاتێکدا نیگەرانییەکان لەبارەی تاوانەکانەوە زیاد دەکەن، نەک ئەوەی خاوەن سەگەکان بکاتە ئامانج و ئازادییە کەسییەکان سنووردار بکات.
خاوەندارێتیی سەگ، سەرپێچیکردن لە یاسای باڵاپۆشیی زۆرەملێ، بەشداریکردن لە ئاهەنگی ژێرزەمینی و خواردنەوەی کحول، لەمێژە وەک شێوازەکانی یاخیبوونی بێدەنگ دژی رژێمی ئایینیی ئێران سەیر دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ