رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان داوای لێبووردن لە کەس ناکەن، کۆماری ئیسلامی سوورە لە سەرئەوەی بەردەوام بێ لە بەرگریکردن لە وڵات.
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "کێشەمان لەگەڵ هیچ ولاتێک نییە، بەڵام بۆ بەرگری لە ئێران داوای لێبووردن لە کەس ناکەین."
ئیسماعیل بەقایی گوتی: "یاساکان رێگە نادەن هیچ وڵاتێک خاکی خۆی بداتە وڵاتێکی دیکە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتی سێیەم."
بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد: "قسەکانی مەسعود پزیشکیان بە هەڵە لێکدراوەتەوە، سەرۆککۆمار جەختی لە وەڵامدانەوەی هەر سەرچاوەیەک کردووەتەوە لەوێوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەمان."
بەقایی گوتیشی: "بیرمان نەچێت ئێران جەنگی دەست پێنەکردووە، بەڵکو ئەوە ئەمریکا و ئیسرائیل بوون دەستیان پێکرد و ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین."
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی دا ئاماژەی بە کردنەئامانجی بنکەکانی ئەمریکا کرد لە وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند: ''جەخت لە پاراستنی سەروەری و مافی دراوسێکانمان دەکەینەوە.''
لە سەرەتای جەنگەوە، ئێران هێرشی چڕی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، عێراق و هەرێمی کوردستان. مەسعود پزیشکیان دەڵێت: ''هەوڵمان دا بە هاوکاریی دراوسێکانمان و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە خۆمان لە جەنگ بپارێزین، بەڵام هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ رێگەیەکی دیکەی جگە لە بەرگریکردن لە خۆمانی بۆ نەهێشتینەوە.''
لە رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، هێرشێکی هاوبەشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران دەستیپێکردووە کە زۆرترینیان بۆ سەر تاران بووە.
لەبەرامبەردا سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتەسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ