رووداو دیجیتاڵ
لە گێژاوی ئەو گەردەلوولە وێرانکەرەی لە ناوچەکەدا هەڵیکردووە و لە نێوەڕاستی ئەو زریانە خوێناوییەی کە تاران و تەلئەڤیڤی کردووەتە گۆڕەپانی جەنگ، پرسیارێک وەک تارماییەک بەسەر میدیا جیهانی و ناوچەییەکاندا باڵی کێشاوە: ئایا فەرماندەی فەیلەقی قودس پاڵەوانێکی رزگاربووە لە مەرگ، یان سیخوڕێکی خۆیی؟
رۆژی قیامەت لە تاران؛ ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی"
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، تاران بە دەنگی تەقینەوەیەک خەبەری بووەوە، کە مێژووی ئێرانی بۆ پێش و پاش خۆی دابەش کرد. ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئیسرائیلی بە ناوی "Epic Fury - تووڕەیی داستانی"، کە تێیدا 50 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلی، زیاتر لە 30 بۆمبی قورسیان بەسەر حەشارگە و بنکەی ژێرزەمینیی فەرماندەیی کۆماری ئیسلامیدا باراند.
ئەنجامەکە چی بوو؟ وەک ئیال زەمیر، جێگری پێشووی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل گوتی: "لە ماوەی 40 چرکەدا، 48 بەرپرسی باڵای ئێران لەنێوبران." لە سەرووی هەمووشیانەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ محەمەد پاکپوور (فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران)، عەلی شەمخانی (راوێژکاری باڵای خامنەیی) و عەزیز ناسرزادە (وەزیری بەرگری). دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە شانازییەوە بە کەناڵی فۆکس نیوزی گوت: "کەس باوەڕ ناکات کە ئێمە سەرکەوتووین، 48 بەرپرس بە یەک جار لەنێوبران."
بەڵام لەم "رۆژی قیامەتە"دا کە تەنانەت ڤیدیۆی ساتی وێرانبوونی حەشارگەکەی خامنەییش بڵاوکرایەوە، یەک کەس، تەنیا یەک کەس، بە شێوەیەکی سەرسووڕهێن وەک ئاو بەنێو پەنجەکاندا تێپەڕی: ئیسماعیل قائانی. راپۆرتەکان دەڵێن، قائانی تەنیا نیو کاژێر (و بەپێی هەندێک سەرچاوە چەند خولەکێک) پێش گەیشتنی بۆمبەکان، بە بیانووی "تێکچوونی باری تەندروستی"ـیەوە شوێنەکەی جێهێشتووە!
ئیسماعیل قائانی کێیە؟ لە شاخەکانی ئەفغانستانەوە بۆ قەسابی حومس
بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ئەم پیاوە هێندە گرنگە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ رابردووی. قائانی لە ساڵی 1957 لە شاری مەشهەد لە دایک بووە. لە ساڵی 1980 پەیوەندیی بە سوپای پاسدارانەوە کردووەو لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا لە تەنیشت قاسم سولەیمانییەوە جەنگاوە. دواتر رەوانەی بەرەی رۆژهەڵات (خۆراسان) کراوە، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان، لەوێشدا پشتیوانیی لە "هاوپەیمانیی باکوور" دەکرد دژی تاڵیبان.
لە ساڵی 1997 بوو بە جێگری قاسم سولەیمانی لە فەیلەقی قودس. رۆڵی قائانی لە سووریا گەلێک کاریگەر بووە؛ ئەو ئەندازیاری دروستکردنی میلیشیاکانی "فاتمییون" (ئەفغانییەکان) و "زەینەبییون" (پاکستانییەکان) بوو.
کاتێک لە 3ی کانوونی دووەمی 2020ـدا قاسم سولەیمانی لە بەغدا کوژرا، خامنەیی راستەوخۆ قائانیی تەمەن 68 ساڵەی کردە جێنشینی و گوتی: "ئەو یەکێکە لە دیارترین فەرماندەکان و ساڵانێکی درێژ یاوەری شەهید سولەیمانی بووە."
پیاوی 9 گیان!
لەناو میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قائانی بە "پیاوە نۆ گیانەکە" ناوزەد کراوە. ئەم نازناوەی لە خۆڕا پێ نەدراوە؛ ئەگەر سەیری تۆماری رووداوەکانی چەند ساڵی رابردوو بکەین، دەبینین قائانی بە جۆرێک لە مەرگ رزگاری بووە، کە مرۆڤ دەخاتە سەرسووڕمانەوە و دەبێت بگوترێت "بە قەدەر تاڵە موویەک لە مەرگەوە نزیک دەبێتەوە و رزگاری دەبێت."
رزگاربوون لە گەردەلوولی تاران: گەورەترین و دوایین رووداو، هێرشە گەورەکەی ئیسرائیل بوو لە کۆتاییەکانی شوباتی 2026، کە تێیدا 50 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلی لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "تووڕەیی داستانی - Epic Fury"، حەشارگە و بنکەی ژێرزەمینیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان خاپوور کرد و کوشتیان. لەم هێرشەدا کە دەیان فەرماندەی باڵا و کەسایەتیی گرنگ کوژران، دەنگۆکان دەڵێن ئیسماعیل قائانی بە نیو کاژێر پێش هێرشەکە، بە هۆی "تێکچوونی باری تەندروستییەوە"، شوێنەکەی جێهێشتووە!
1. هەلیکۆپتەرەکەی رەئیسی (ئایاری 2024): بڕیار بوو قائانی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشوو، بەرەو نەخجەوان گەشت بکات. لە دوایین ساتدا دیسان بە هۆی "نەخۆشی" سواری ئەو هەلیکۆپتەرە نەبوو کە دواتر لە چیاکانی باکووری رۆژئاوا تێکشکا و هەموو سەرنشینەکانی کوژران.
2. کوشتنی نەسروڵڵا و نیلفرۆشان (ئەیلوولی 2024): قائانی لە بەیرووت چاوی بە حەسەن نەسروڵڵا دەکەوێت. کەمێک دوای کۆبوونەوەکە، ئیسرائیل بە 80 بۆمبی سەنگەرشکێن (کە کێشی هەر یەکەیان یەک تۆن بوو)، بارەگای ژێرزەمینیی حزبوڵڵای خاپوور کرد و نەسروڵڵا و عەباس نیلفرۆشانی (بەرپرسی دۆسیەی لوبنان و سووریا لە فەیلەقی قودس) کوشت. یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئیسرائیل، ئاماژەی بە "زانیارییەکی زێڕین" کرد، کە ساتێک پێش هێرشەکە پێیان گەیشتبوو.
3. کوشتنی هاشم سەفیەدین (تشرینی یەکەمی 2024): کاتێک جێنشینەکەی نەسروڵڵاش لە لوبنان کرایە ئامانج، هەمووان وایانزانی قائانی لەوێ کوژراوە. بەڵام دواتر بە جلی سەربازییەوە لە رێوڕەسمی تەرمی نیلفرۆشان لە تارانی پایتەخت دەرکەوت.
4. شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025: لەم شەڕە گەورەیەدا ئیسرائیل گورزێکی کوشندەی وەشاند. لە رۆژی یەکەمدا محەمەد باقری (سەرۆک ئەرکان)، حوسێن سەلامی (فەرماندەی سوپای پاسداران)، ئەمیر عەلی حاجیزادە (فەرماندەی هێزە مووشەکییەکان) و شەش زانای ئەتۆمیی گەورە کوژران. قائانی دیسان بەر لەوەی مووشەکەکان بگەن شوێنی کۆبوونەوەیەکی جێهێشتبوو. هەرچەندە میدیاکان هەواڵی مەرگیان بڵاوکردەوە، بەڵام دوای چەند هەفتەیەک بە جلی مەدەنی و کڵاوێکی بەرخۆرەوە لە تەلەڤیزیۆن دەرکەوتەوە!
گومانی خیانەت و سیخوڕی
هەر ئەم رزگاربوونە یەک لەدوای یەکانەیە کە گومانی دروستکردووە. زۆر لە راپۆرتە عەرەبییەکان، رۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانی، "دەیلی مەیل" و "زە سەن"، ئاماژە بەوە دەکەن کە سیخوڕێک لە لووتکەی دەسەڵاتی ئێراندا هەیە.
جەیسۆن برۆدسک، بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی هاوپەیمانیی دژی ئێرانی ئەتۆمی (UANI) و کینێس کاتزمان، شارەزای پێشووی کاروباری ئێران لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێن: "سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەربڵاو دزەیان تێکراوە، لە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە تا دەگاتە نووسینگەی رێبەر کە بیرۆکراسییەتێکی گەورەیە."
دەنگۆکان باس لەوە دەکەن کە زانیارییە زێڕینەکانی تایبەت بە شوێنی مانەوەی نەسروڵڵا و سەفیەدین، هەروەها دزەپێکردنی زانیاری لەبارەی حەشارگەکەی خامنەیی، هەمووی لەژێر سەری مۆساد و بریکارە ناوخۆییەکانیانەوە بووە. تەنانەت هەندێک دەنگۆ هەن کە گوایە بریکارێکی مۆساد ڤیدیۆی تەرمی عەلی خامنەیی رەوانەی بنیامین نەتەنیاهوو کردووە!
لەنێوان مەرگ و زینداندا؛ چارەنووسێکی نادیار
لە دوای هێرشە وێرانکەرەکەی شوباتی 2026 و کوژرانی خامنەیی، قائانی دەرنەکەوتووە. دوایین دەرکەوتنی ئاشکرای ئەو دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 17ی شوباتی 2026، کاتێک لە رێوڕەسمی چلەی کوژراوانی هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەرکەوت و هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد و گوتی: "پشتیوانانی ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستان باجی تاوانەکانیان دەدەن."
بەدرۆخستنەوەی تاران: شەڕی دەروونی یان شاردنەوەی راستییەکان؟
لە بەرامبەر ئەم لافاوە لە دەنگۆ، تاران بێدەنگ نەبووە. ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی سەر بە سوپای پاسداران ئەم دەنگۆیانەی بە "ئۆپەراسیۆنێکی دەروونیی درۆزنانەی زایۆنیستەکان" ناوبرد. باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، محەممەد کازم ئالسادق، بە تووندی رەتی کردەوە کە قائانی لە سێدارە درابێت و رایگەیاند: "ئیسماعیل قائانی لە مەیداندایە و راستەوخۆ سەرپەرشتیی شەڕەکە دەکات."
تەسنیم ئاماژە بە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەی قائانی دەکات، کە تێیدا باسی لەوە کردووە ئیسرائیل بە ئانقەست هەواڵی مردنی بڵاو دەکاتەوە، بۆ ئەوەی دۆستەکانی نیگەران ببن و پەیوەندی تەلەفۆنیی پێوە بکەن، تا لەو رێگەیەوە شوێنەکەی ئاشکرا بکەن. لەو چاوپێکەوتنەدا قائانی باس لە سەردانەکەی خۆی بۆ بەیرووت لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەکات و چۆنیەتیی بڕیاردانی نەسروڵڵا بۆ چوونە نێو شەڕەکە دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەم بەدرۆخستنەوانە نەیانتوانیوە ئاوی سارد بکەن بەسەر ئاگری گومانەکاندا.
دزەکردنی هەواڵگری؛ ماڵ لە بناغەوە بنکۆڵە
ئەوەی بەسەر قائانیدا دێت، تەنیا دڵۆپێکە لە دەریایەک. دەمێکە ئەو گومانی سیخورییە لەناو ریزەکانی ئەمنی و هەواڵگری ئێرانیدا باس دەکرێ، کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە دڵی تاران، لەنێوبردنی زانا ئەتۆمییەکانی وەک موحسین فەخریزادە، دزینی ئەرشیفی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨، هەموویان ئاماژەن بۆ "دزەکردنێکی هەواڵگریی ئاسۆیی و ستوونی" لەنێو ریزەکانی کۆماری ئیسلامیدا.
تەنانەت پێشتر مەحموود ئەحمەدینەژاد ئاشکرای کردبوو کە "بەرپرسی بەشی دژەئیسرائیل لە وەزارەتی ئیتلاعات، خۆی سیخوڕی ئیسرائیل بووە!" هەروەها عەلی لاریجانی دان بەو دزەکردنە گەورەیەدا دەنێت. شارەزایان پێیان وایە کێشەکە قووڵترە لە کەسێک و دوو کەس؛ تەواوی سیستمەکە کلۆر بووە.
بەفر دەتوێتەوە و رەشایی بەرد دەردەکەوێت
لە کۆتاییدا چیرۆکی ئیسماعیل قائانی، ئەو جەنەراڵەی کە لە ساڵی 2020ـەوە جێگەی قاسم سولەیمانیی گرتەوە و فەرماندەیی فەیلەقی قودس دەکات، چیرۆکێکی پڕ لە ئاڵۆزییە. ئایا ئەو بەڕاستی بلیمەتێکی سەربازییە کە بە زیرەکیی خۆی نۆ جار لە چنگی مەرگ رزگاری بووە و ئێستاش لە شوێنێکی پەنهانەوە خەریکی ئاراستەکردنی شەڕەکەیە؟ یان ئەو گومانانە هۆکارێکیان هەیە.
ئێستا تۆزی شەڕ و بۆردومانەکان تارماییەکی تەمومژاوییان خستووەتە سەر راستییەکان، بەڵام وەک پەندە کوردییە پێمان دەڵێت: "بەفر هەر دەتوێتەوە و بەردیش هەر دەردەکەوێت." زوو بێت یان درەنگ، پەردە لەسەر ئەم شانۆگەرییە ئاڵۆزە هەڵدەدرێتەوە و مێژوو راستیی "پیاوە نۆ گیانەکە" بۆ هەموو جیهان ئاشکرا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ