لە رۆژهەڵاتی کوردستان خواردنەوەی شیر و شیرەمەنییەکان کەمبووەتەوە

13-08-2022
رووداو @Rudawkurdish
تەندروستیی ئێران: کەمخواردنی شیر و بەرهەمەکانی دەبێتە هۆی بەدخۆراکی لەنێو منداڵان
تەندروستیی ئێران: کەمخواردنی شیر و بەرهەمەکانی دەبێتە هۆی بەدخۆراکی لەنێو منداڵان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مام عەلی نزیکەی پێنج ساڵە لەنێو شاری مەریوان شیر و بەرهەمەکانی دەفرۆشێت. بێ ئەوەی ئاگاداری ئامار و داتاکان بێ لە بازاڕی خۆیەوە دەزانێت، خواردنی شیر و شیرەمەنییەکان زۆر کەمبووەتەوە.
 
عەلی قادری، کە دووکاندارێکی مەریوانە دەڵێت، فرۆشی بەرهەمەکانی بەراورد بە ساڵی رابردوو 50% کەمبووەتەوە. 
 
ساڵی رابردوو نرخی کیلۆیەک شیری خاو شەش هەزار و 500 تمەن بوو، بەهاری ئەمساڵ کرایە 12 هەزار تمەن و لە وردەفرۆشییەکان دەگاتە 15 هەزار تمەن. 
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئامار، لە یەکەم مانگی هاوینی ئەمساڵدا، نرخی لیترێک شیری قوتووکراو بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو 105% بەرزبووەتەوە. نرخی ماست 134% و پەنیر 137% بەرزبوونەتەوە. ئەوەش کاریگەریی لەسەر کڕینیان لەلایەن خەڵکەوە داناوە.
 
نەخواردنی شیر و بەرهەمەکانی کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر تەندروستیی خەڵک دەبێت. بەڕێوەبەری گشتیی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکانیان، کڕینی شیر و بەرهەمەکانی لەو وڵاتە زۆر کەمبووەتەوە و کەمخواردنی شیر و بەرهەمەکانی دەبێتە هۆی بەدخۆراکی لەنێو منداڵان، پووکانەوەی ئێسک، کورتی باڵا و چەندین نەخۆشی دیکە.
 
بەپێی ئاماری سەندیکای هەرەوەزیی شیرەمەنییەکانی ئێران، رێژەی بەکارهێنانی شیر و بەرهەمەکانی لەو وڵاتە بۆ هەر تاکێک لە ساڵدا لە 120 کیلۆوە بۆ کەمتر لە 50 کیلۆ دابەزیوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی پلانی گەشەپێدانی ئێران، بڕیاربوو خواردنی شیر و بەرهەمەکانی بۆ هەر تاکێک لەو وڵاتە، ساڵانە بگاتە 180 کیلۆگرام.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە