زۆرترین باران لە ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان باریوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران بارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی مەترسیی وشکەساڵی هەبووە. 
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەشوهەوا، زۆرترین رێژەی بارین لە ئاستی ئێراندا لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. 
 
لە درەنگانی شەوی یەکشەممەوە بارینی باران و لە شەوی سێشەممەشەوە بارینی بەفر هەموو پارێزگای ئیلامی گرتووەتەوە و بەپێی راپۆرتی کەشناسیی پارێزگاکە، زۆرترین رێژەی بارین لە ئاودانان و کەمترینیش لە شاری مێران تۆمار کراوە. ئیحسان ئەحمەدی‌نەژاد، پسپۆڕی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئیلام بە ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێرانی راگەیاند، لە بەرەبەیانی دووشەممە تاوەکو بەیانیی چوارشەممە لە ئاودانان بارینی 155.8 میلیمەتر تۆمار کراوە و بەوەش زیاترین رێژەی بارین لە هەموو ئێران لەو شارە تۆمار کراوە.
 
لە ناوەندی شاری ئیلام زیاتر لە 113 میلیمەتر باران باریوە و کەمترین باران لەو پارێزگایە لە نێوشاری مێران تۆمارکراوە کە 35.4 میلیمەتر بووە.
 
بەپێی پێشبینی کەشناسی لە پارێزگای ئیلام بارینی بارانی بەخوڕ و لە هەندێک ناوچە بارینی بەفر تاوەکو شەوی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و رۆژانی پێنجشەممە و هەینیش بەفر و باران بەشێوەی پچڕپچڕ دەبێت.
 
کەشناسیی پارێزگای سنەش نیوەڕۆی چوارشەممە رایگەیاند، زیاترین رێژەی بارین لەو پارێزگایە لە بانە و مەریوان بووە. لە دەوروبەری بانە 217 میلیمەتر و لە نێوشارەکەی 139 میلیمەتر بارین تۆمار کراوە. هەروەها لە مەریوان 189 میلیمەتر، لە سەوڵاوا 137 و لە سەقز 110 میلیمەتر باریوە. کەمترین رێژەی بارین لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە و شارەکانی بیجاڕ و قوڕوە و دێولان بووە.
 
لە پارێزگای لوڕستان تاوەکو بەیانیی چوارشەممە بارینی 33 میلیمەتر باران تۆمار کراوە. بێهروز مورادپوور، بەڕێوەبەری کەشناسیی لوڕستان بە میدیاکانی راگەیاند، لە شاری پۆلدوختەر 70.5 میلیمەتر و لە رومشکانیش 69.6 میلیمەتر باران باریوە و کەمترین رێژەی بارینیش لەو پارێزگایە لە شاری ئەلیگودەرز بووە کە 1.9 میلیمەتر بووە. لە خوڕمئاوای ناوەندی پارێزگاکەش 27.6 میلیمەتر باران باریوە. لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەوە لە دەوروبەری شاری دڵفانی پارێزگای لوڕستان بارینی بەفریش دەستیپێکردووە. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی لوڕستان پێشبینی کردووە، بارینی باران و لە هەندێک ناوچە بەفر تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام بێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێش راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئاو و رێژەی بارین لەو پارێزگایە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای پاییزەوە تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە بە گشتی لەو پارێزگایە 80.5 میلیمەتر باران باریوە کە 37.2٪ زیاترە لە ماوەی هاوشێوەی پار، بەڵام هێشتا بەراورد بە ماوەی درێژخایەن 4.9٪ کەمترە. بەپێی راپۆرتی رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ، رێژەی بارین لەو پارێزگایە 50٪ کەمتر بوو لە ماوەی درێژخایەن، بەڵام زۆری رێژەی بارین لەو دوو رۆژەدا بەشی زۆری ئەو کەمییەی قەرەبوو کردووەتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ دەڵێت، زۆرترین رێژەی باران بارین لەو پارێزگایە لە ناوچەی زێ بووە و لەو ناوچەیە کە دەوروبەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت دەگرێتەوە، 190 میلیمەتر باران باریوە. لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێش 89.8 میلیمەتر بارین تۆمار کراوە کە 0.4٪ زیاترە لە ئاستی ئاسایی بارین لە ساڵانی رابردوودا. 
 
مەجید رەستگاری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای ورمێ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەو شەپۆلە بارینەی چەند رۆژە پارێزگاکەی گرتووەتەوە، رێژەی بارین لە پارێزگای ورمێ لە دووەم مانگی پاییزدا 296٪ زیاتر بووە لە ماوەی هاوشێوەی پار. 
 
بەپێی دوایین راپۆرتی کەشناسیی کرماشان کە ئێوارەی سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە پاوە 83 میلیمەتر، لە سەلاسی باوەجانی 48 میلیمەتر، لە قەسری شیرین 47 میلیمەتر و گاوارە و سوماریش 39 میلیمەتر بارین تۆمار کراوە. لە شاری کرماشان تاوەکو ئێوارەی سێشەممە 7 میلیمەتر باران تۆمارکراوە، بەڵام شەوی سێشەممە و پێشنیوەڕۆی چوارشەممە بارانی زیاتر لەو شارە باریوە. کەمترین رێژەی بارین لە پارێزگای کرماشان لە شارەکانی کەنگەڤەر، هەرسین و سونقور تۆمار کراوە کە یەک میلیمەتر بووە.
 
کەشناسیی پارێزگای کرماشان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان، لە دوانیوەڕۆی چوارشەممەوە رێژەی باران بارین کەمدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو کۆتایی هەفتە بەتایبەت لە رۆژئاوای پارێزگاکە بەردەوام دەبێت.
 
لە پێنج پارێزگا لافاوا روویدا و رێگەی ژمارەیەک گوند داخراوە
 
بەهۆی باران بارینی بەخوڕ لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پارێزگاکانی زەنجان و تەورێز لافاو روویداوە و هاتووچۆکردنی تووشی ئاستەنگ کردووە و زیانیشی بە خەڵک گەیاندووە.
 
محەممەدحوسێن کەبادی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، تیمەکانیان لە پارێزگای سنە هاوکاری 823 کەسیان کردووە کە بەهۆی لافاو لە رێگەدا مابوونەوە بە تایبەت لە رێگەی نێوان سەقز- دیواندەرە. 
 
رامین مەحموودی، جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای سنەش رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفر رێگەی 40 گوندی پارێزگاکە داخراوە و هاتووچۆکردن لە رێگەکانی سەقز، بانە و دیواندەرە تووشی ئاستەنگ بووە.
 
لە نێوشاری کرماشانیش لافاو روویداوە، ئاو چووەتە نێو ژمارەیەک ماڵ و هاتووچۆکردنی تووشی ئاستەنگ کردووە. سەعید قادری، سەرۆکی فەرمانگەی بەرگری شارستانیی کرماشان بەیانیی چوارشەممە رایگەیاند، ئاو چووەتە نێو 15 ماڵ و دووکان و ئۆتۆمبێلێکیش لە نێوشاری کرماشان ژێر ئاو کەوتووە و دەرهێنراوەتەوە.
 
جێگری سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە شاری سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشان ئاو چووەتە نێو ماڵێکەوە و توانیویانە دانیشتووانی ماڵەکە رزگار بکەن. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانەکانی پارێزگای ورمێ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە رێگەکانی نێوان سەردەشت- مهاباد بەتایبەت لە گەردەنەی زمزیران، رێگەی نێوان بۆکان- مهاباد، سەردەشت- پیرانشار، پیرانشار بۆ دەروازەی حاجی ئۆمەران و هەروەها گەردەنەی قوشچی لە رێگەی نێوان ورمێ- سەڵماس بەفر باریوە و هەوا مژە، بۆیە داوا لە شۆفێران دەکات لە کاتی هاتووچۆکردن بەو رێگەیانەدا، رێوشوێنی پێویست وەکو بەکارهێنانی زنجیری تایە بگرنەبەر. 
 
عەبدولـلەتیف شەرعەت‌پەنا، سەرۆکی فەرمانگەی رێگەوبانی شاری سەردەشتیش رایگەیاند، لە هەندێک ناوچەی ئەو شارە تاوەکو 15 سانتیمەتر بەفر باریوە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە رێگەکانی نێوان شار و گوندەکاندا هاتووچۆ دەکەن دەبێ زنجیرە تایە بەکاربهێنن. جێگری سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێرانیش دەڵێت، لە پارێزگای ورمێش 53 ئۆتۆمبێلیان لە رێگەی نێوان تیکاب- سائین قەڵا رزگارکردووە کە بەهۆی بەفربارین و کڕێوە لە رێگەدا مابوونەوە.
 
بارینی باران و بەفر بەردەوام دەبێت
 
سادق زیائییان، سەرۆکی ناوەندی پێشبینی لە رێکخراوی کەشناسیی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلەی بارین تاوەکو یەکشەممە 14ـی مانگ بەردەوام بێت. 
بەپێی پێشبینییەکە، لە پێنجشەممەوە بارینی بەفر و باران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمدەبێتەوە و شەپۆلەکە لە لە باکوور و رۆژئاوای ئێرانەوە روو لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەکات و پێشبینی بارینی باران لە پارێزگاکانی فارس، بووشێهر، هورموزگان، کرمان، یەزد، سیستان و بەلوچستان، خۆراسانی باشوور و باکوور و رەزەوی دەکرێت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە