رووداو دیجیتاڵ
کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران رایگەیاند، لە 10 مانگ و 23 رۆژدا هەوای شارەکە تەنیا 5 رۆژ پاک بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی شوباتی 2025 کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تارانی پایتەختی ئێران بڵاویکردەوە، لە نەورۆزەوە تائێستا تەنیا 5 رۆژ هەوای شارەکە پاک بووە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران، لەو ماوەیەدا هەوای تاران بەهۆی بەرزبوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە 112 رۆژ بۆ خەڵکی وەکو نەخۆش، منداڵان و بەساڵاچووان بەکەڵک نەهاتووە، 19 رۆژیش هەواکەی بۆ هەموو هاووڵاتییان بەکەڵک نەهاتووە و 192 رۆژیش هەواکەی پیس بووە، بەڵام زۆر نا.
کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران دەڵێت، بەراورد بە پار، پیسبوونی هەوا لە تاران زیادیکردووە، بە شێوەیەک کە پار لە هەمان ماوەی دیاریکراودا تاران 10 رۆژ هەوای پاکی هەبووە، 107 رۆژ هەوای شارەکە بۆ خەڵکی وەک نەخۆش و منداڵ و بەساڵاچوو بە کەڵک نەهاتووە، 12 رۆژیش بۆ هەموو هاووڵاتییان بە کەڵک نەهاتوەە؛ لە 236 رۆژدا هەوای شارەکە پیس بووە، بەڵام زۆر نا.
کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەممە هەوای شارەکە پیسە و بۆ خەڵکی وەکو نەخۆش و منداڵ نابێت، بۆیە پێویستە خەڵک ماسک بەکاربێنن.
سووتاندنی مازۆت لە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان، ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێلەکان، کوالێتیی خراپی بەنزین و ئۆتۆمبێلەکان بە هۆکاری سەرەکیی زیاتر پیسبوونی هەوای ئێران دادەنرێن.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ