رووداو دیجیتاڵ
ئابووریی ئێران بە یەکێک لە سەختترین و ئاڵۆزترین قۆناخەکانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت. تێکەڵبوونی سزاکانی ئەمریکا، گەندەڵی، دابەزینی بەهای تمەن و لێکەوتەکانی گرژییە ناوچەییەکان، وایکردووە کە ئابووریی ئەو وڵاتە لەبری گەشەکردن، تەنیا بۆ "مانەوە" بجەنگێت.
گەورەترین کێشەی ئابووریی ئێران، دابەزینی بێوێنەی بەهای دراوی نیشتمانی (تمەن)ـە بەرامبەر دۆلار. ئەم دابەزینە بووەتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسانێکی "سەرکێش" کە لە زۆربەی کەرتەکاندا 50%ـی تێپەڕاندووە، بەڵام لە کەرتی خۆراک و دەرماندا گەیشتووەتە سەرووی 100%. ئەم ناسەقامگیرییە وایکردووە خاوەنکاران نەتوانن پلان بۆ داهاتوو دابنێن و بازاڕ تووشی وەستان بووە.
ساندویچێک بە 500 هەزار تمەن!
چێشتخانەکان یەکێکن لە قوربانییە هەرە دیارەکانی ئەم دۆخە. بەهۆی گرانبوونی رۆژانەی کەرەستەی خاو، نرخەکان چوار هێندە بەرزبوونەتەوە. ئێستا لە ئێران نرخی یەک ساندویچ بە تێکڕا گەیشتووەتە 500 هەزار تمەن و پیتزایەکیش بە ملیۆنێک و 200 هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
نرخی بەشێک لە خۆراکەکان لە بازاڕەکانی ئێران:
- یەک کیلۆ برنج: 580 هەزار تمەن.
- یەک کیلۆ مریشک: 340 هەزار تمەن.
- یەک کیلۆ قارچک: 257 هەزار تمەن.
- پەنیرێکی 400 گرامی: 230 هەزار تمەن.
- شیرێکی پاکەت: 85 هەزار تمەن.
- یەک سەموون یان نان: 30 هەزار تمەن.
کەرتی پیشەسازی و بێکاریی بەکۆمەڵ
راپۆرتە ناوخۆییەکانی ئێران باس لە شەپۆلێکی فراوانی بێکاری و مایەپووچبوونی کارگەکانی پیشەسازی دەکەن. شارەزایەکی کەرتی پیشەسازی دەڵێت: "پێش جەنگ هەر کیلۆیەک پڕۆفیل (مادەی سەرەتایی ئاسن و ئەلەمنیۆم) بە 70 هەزار تمەن بوو، ئێستا گەیشتووەتە 155 هەزار تمەن."
ئەم گرانبوونە وایکردووە کارگەکان بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە یان دەرگاکانیان دابخەن و دەستی کار دەربکەن.
هەروەها بڕانی کارەبا لە هاوین و غاز لە زستاندا، ساڵانە زیانی ملیاران دۆلار لە کارگەکانی پۆڵا و چیمەنتۆ دەدات، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی وزەیە لە جیهاندا.
پیشەسازیی ئۆتۆمبێل تووشی قەیرانی کوالیتی و گرانی بووە. بەهۆی قۆرخکاریی ناوخۆیی، ئۆتۆمبێل لە کەرتێکی بەکاربردنەوە بووەتە کەرەستەیەکی وەبەرهێنان بۆ پاراستنی بەهای پارە.
تەکنەلۆژیا و "ئینتەرنێتی چینایەتی"
سیاسەتە ئەمنییەکان و فلتەرینگ زیانی گەورەیان لە "کارە ئۆنلاینەکان" داوە. فلتەرکردنی ئینستاگرام و واتسئەپ هەزاران سەرچاوەی بژێوی خەڵکی وشک کردووە. ئێستا بەشێک لە خەڵک ئینتەرنێتی "پڕۆ" یان چینایەتی بەکاردەهێنن، بەڵام گرانیی نرخەکەی وایکردووە تەنیا توێژێکی تایبەت دەستی پێڕابگات.
کەرتی خانووبەرە و نیشتەجێبوون
خانووبەرە لە ئێراندا چیدی پێداویستییەکی سەرەتایی نییە، بەڵکو بووەتە "خەون". تێچووی کرێی خانوو لە تاران و شارە گەورەکان هەندێکجار لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێک زیاترە.
بەهۆی گرانبوونی کەرەستەی بیناسازی (وەک پڕۆفیل و چیمەنتۆ و MDF)، کەرتی بیناسازی تووشی وەستانێکی قووڵ بووە.
کەرتی تەندروستی و دەرمان
کەرتی تەندروستی؛ دەرمان بە چوار هێندە
دۆخی تەندروستی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە و شەکرە تەنیا لە بازاڕی رەشدا بە چەند هێندەی نرخی فەرمی دەستدەکەون. تێچووی سۆنەرێک لە 2 ملیۆنەوە بۆ 6 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە. ئەم دۆخە و گرانبوونی 380%ـی هەندێک دەرمان، بووەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی پزیشکان و پەرستاران بۆ دەرەوەی وڵات.
کۆتایی چینی ناوەڕاست
لە ئێراندا چینی ناوەڕاست خەریکە دەسڕێتەوە و زۆربەیان دەکەونە ژێر "هێڵی هەژاریی رەها". ئێستا زۆربەی ئەندازیار و فەرمانبەرانی دەوڵەت، دوای دەوام پەنا دەبەنە بەر شۆفێری لە تەکسییە ئۆنلاینەکاندا (وەک ئەسنەپ) بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن.
ئابووریی ئێران لە بازنەیەکی داخراودایە؛ بۆ چارەسەر پێویستی بە وەبەرهێنانی بیانی هەیە، بەڵام ئاستەنگە سیاسییەکان و گرژییە ناوچەییەکان رێگەی لێدەگرن. بەردەوامیی ئەم دۆخە مەترسیی داڕمانی تەواوەتی هەندێک لە کەرتە خزمەتگوزارییەکان و زیادبوونی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی لێدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ