رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاک و دوورگەکانی ئێران، وەڵامێکی کوشندەی دەبێت و سەرجەم سنوورەکان دەبەزێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و لەبارەی هێرشکردنە سەر دوورگەکانی ئێران لە کەنداو هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا.
قالیباف لە پەیامێکدا لەژێر دروشمی "یان نیشتمان یان مردن" رایگەیاند: "هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی دوورگەکانی ئێران، هەموو سنووربەندی و کۆتوبەندەکان لەنێو دەبات."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد وڵاتەکەی چیدیکە دان بەخۆیدا ناگرێت و گوتی: "ئێمە هەر جۆرە دانبەخۆداگرتنێک وەلا دەنێین و خوێنی داگیرکەران لە کەنداوی فارسدا دەڕێژین."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، قالیباف روو لە بەرپرسانی کۆشکی سپی دەکات و دەڵێت: "بەرپرسیارێتی رژانی خوێنی سەربازانی ئەمریکی لە ئەستۆی خۆدی دۆناڵد ترەمپە."
ئەم لێدوانە تووندانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە لووتکە، بەتایبەت دوای ئەو زنجیرە هێرش و ئۆپەراسیۆنانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناوچەکە روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ