رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە شەش شاری پارێزگای سنە 27 شوێن کراونەتە ئامانج و بۆردوومانکراون، 183 کەسیش بەهۆی بۆردوومانەکانەوە برینداربوون.
رۆژی پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، عەلی ئەکبەر وەرمەقانی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە دوایین شەپۆلی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای سنە کە نێوەڕۆی چوارشەممەوە روویدا، شارەکانی سەقز، بانە، دیواندەرە، قوروە، مەریوان و سەوڵاوا بە چڕی بۆردوومان کران.
عەلی ئەکبەر وەرمەقانی دەڵێت: "27 شوێن لەو شارانە کراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە 183 کەس بریندار بوون کە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەکان گوازرانەوە.'' ئەو باسی هیچ کوژراوێکی نەکرد لەو بۆردوومانانەدا".
وەرمەقانی دەڵێت: "لە هێرشەکانی بۆ سەر دیواندەرە 59 کەس، لە مەریوان 50 کەس، لە قوروە 29 کەس، سەوڵاوا 25 کەس، بانە 18 کەس و لە سەقز 2 کەس بریندار بوون".
بە گوتەی جێگری پارێزگاری سنە، تیمەکانی پارێزگاری بەدواداچوون بۆ هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان دەکەن.
غەریب سەجادی، قایمقامی سنەش، رۆژی چوارشەممە 11-3-2026 رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 17 شوێن لەنێو شاری سنە بۆردوومان کراون. بە گوتەی قایمقامی سنە، جگە لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان، دوو هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیش زیانیان پێگەیشتووە.
لە پویا تالب نیا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و میراتە کولتوورییەکان لە پارێزگای سنە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی مێژوویی شاری سنە لەنێویاندا باڵەخانەکانی ئاسف، سالار سەعید و خەسرەوئاوا گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ