رووداو دیجیتاڵ
شوورای هاوئاهەنگیی بانگەشەی ئیسلامی لە ئێران، بانگەوازێکی ئاراستەی خەڵکی وڵاتەکەی کرد بۆ بەشداری لە رێپێوانی سەرتاسەریی "رۆژی جیهانیی قودس"، کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە هەموو پارێزگاکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی شووراکە، رێپێوانەکە رۆژی هەینی 13ـی ئادار کاژێر 10:30ی بەیانی بە کاتی تاران دەستپێدەکات. لە تاران، خۆپێشاندەران لە 10 رێڕۆی جیاوازەوە بەرەو زانکۆی تاران بەڕێدەکەون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رێپێوانی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا و وڵاتەکەمان لە نێوەندی گۆڕانکاریی گرنگ و چارەنووسسازدان؛ جەنگ و کردەوەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران جارێکی دیکە رووی راستەقینەی رژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانیان دەرخست."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی ئێران کراوە بەشدارییەکی "فراوان و ئاگادارانە" بکەن بۆ نیشاندانی یەکڕیزی، بەسەرکردنەوەی یادی شەهیدان و سەرکۆنەکردنی "دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا."
رۆژی جیهانیی قودس، کە لەلایەن ئیمام خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاریکراوە، ساڵانە وەکو پشتگیرییەک بۆ گەلی فەلەستین بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ