ئێران
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هەزاران ئامێری پەیجەر و وۆکی تۆکی (بێتەل) لە سەرانسەری لوبنان تەقینەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای تەقینەوەی چەندین پەیجەر و ئامێری وۆکی تۆکی لە لوبنان و کوژرانی چەندین کەس، ئێران بردنی ئەو ئامێرانەی بۆ نێو فڕۆکە قەدەخەکرد.
جەعفەر یازرلۆ، گوتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران ئەمڕۆ (شەممە، 12-10-2024) رایگەیاند "بردنی سەرجەم ئامێرەکانی پەیوەندی جگە لە مۆبایل، بۆ نێو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی ئێران قەدەخەکرا."
ئەو بڕیارە سێ هەفتە دوای ئەوە هات کە چەندین ئامێری پەیوەندیی جۆرەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکی لە لوبنان تەقینەوە.
لە بڕیارێکی هاوشێوەدا، لە سەرەتای ئەم ساڵدا هێڵی ئاسمانیی ئیماراتی ئەو ئامێرانەی لەنێو فڕۆکەکانی قەدەخەکرد.
لە 7-10-2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی نزیک لە کەرتی غەززە و ئەوەش کاردانەوەی تووندی ئیسرائیلی بەدوادا هات.
رۆژی دوای ئەوە حیزبوڵڵای لوبنان بەشێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکەوە و دواتریش بەشێک لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق وسووریا.
رۆژانی 17 و 18ـی ئەیلوول، لە ئەنجامی تەقینەوەی هەزاران ئامێری پەیجەر و وۆکی تۆکی (بێتەل) لە سەرانسەری لوبنان، بەلایەنی کەمەوە 37 کەس کوژران و زیاتر لە 3 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
دەسەڵاتدارانی لوبنان پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژدەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەدوای تەقینەوەی ئامێرەکان رایگەیاند تەقاندنەوەی بێتەل و پەیجەرەکانی لوبنان بە "تاوانی جەنگ" دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ