رووداو دیجیتاڵ
کامەران تەکووک، شاعیر و چالاکڤانی خەڵکی کرماشان لەلایەن رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا.
کەسێکی نزیکی کامەران تەکووک بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتووە، رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران رۆژی 12-01-2022 کامەران تەکووک-ی بانگکردووە، دوای ئەوەی سەردانی ئەوێی کردووە، دەستبەسەرکراوە.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان نزیکەی دوو هەفتە لەومەبەریش چوونەتە ماڵی کامەران تەکووک و دەستیان بەسەر مۆبایل و هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتەکانیدا گرتووە و داوایان لە خۆیشی کردبوو سەردانی رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بکات.
کامەران تەکووک کاتێک کە سەردانی کردووە، لەبارەی هەڵوێست و چالاکییەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.
هێزە ئەمنییەکان جارێکی دیکەش رۆژی سێشەممە چوونەتە سەر ماڵی ئەو شاعیرە، بەڵام لە ماڵ نەبووە و داوایان کردووە بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایل و کەلوپەلەکانی سەردانیان بکات، بەڵام کاتێک رۆژی دواتر سەردانی کردوون، دەستبەسەریان کردووە.
رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە بنەماڵەی تەکووکیان گوتووە، تاوەکو کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە و رادەستکردنی دۆسیەکەی بە دادگە، ئازاد ناکرێت.
کامەران تەکووک لە بەهاری ساڵی 2020دا یەکێک لەو چالاکڤانە سیاسی و مەدەنییانە بوو کە نامەیان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناردبوو و داوای گشتپرسییان کردبوو.
واژۆکەرانی ئەو نامەیە داوایان کردبوو دستوورێکی سێکیۆلاری دیموکراتیک بۆ ئێران دابنرێت و بۆ پەڕینەوە لە حکومەتی ئایینییەوە بۆ حکومەتێکی سێکیۆلاری دیموکراتیک بەبێ تووندوتیژی، گشتپرسی بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ