ریفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنی ئەمجارە سەرۆککۆماریدا دەیانەوێت دیسان بۆ چەقی دەسەڵات لە ئێران بگەڕێنەوە، بەڵام ئەمە بۆ ئەوان هیچ ئاسا نییە، ئەمە بەندە بە هەندێ مەرجەوە کە ئاسان نییە بە سەریاندا زاڵ بن. ریفۆمخوازانیش خەریکی تاوتوێکردنی بارودۆخی هەڵبژاردنن، کە چۆن و بە چ کەسانێکەوە بێنە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەوە. ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و دابەزینی پێگەی جەماوەرییان بەهۆی خراپ جوڵانەوەیان لە چەند ساڵی رابردوودا، وایانکردووە زۆر بە پارێزەوە بجوڵێنەوە.
گەرچی ئەوان خۆیان لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکەدا کۆکردووەتەوە، بەڵام جارێ حزبە ریفۆمخوازەکان بە جیاواز تاوتوێی ئەوە دەکەن کە کێ بۆ هەڵبژاردن کاندید بکەن، هەندێک لە کەسایەتییەکانیش رەوشی خۆیان تاوتوێ دەکەن.
ریفۆمخوازان لە رابردوودا
ریفۆرمخوازان بە باڵی چەپی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەناسرێن. چوار دەیەی رابردووی مێژووی ئەوان هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە. دوای مردنی رووحوڵڵا خومەینی و هاتنە سەرکاری سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە ساڵی 1989 ریفۆرمخوازان دەسەڵاتیان لە دەستدا.
سەردەمی سەرۆکایەتیی عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، لە دەیەی 90ی زایینیدا، کە نایەکسانیی زۆر هاتبووە ئاراوە و رێگەی بە کرانەوە و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان نەدرابوو، ناڕەزایەتیی زۆری دروست کردبوو. ئەم بەستێنە بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی 1997 محەممەد خاتەمی بە درووشمی کرانەوەی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لە نەریتخوازان بباتەوە.
ریفۆمخوازان ساڵی 2000یش هەڵبژاردنی پەرلەمانیان بردەوە و بوونە زۆرینەی پەرلەمان. بەمجۆرە دەسەڵاتی هەر دوو دەزگای یاسادانان و جێبەجێکاریان گرتەدەست. بەڵام ساڵی 2004 ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران شیاوی بەربژێرە ریفۆمخوازەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی رەتکردەوە، لەوانە ئەو پەرلەمانتارانەی کە ساڵی 2000 شیاوییانی پشتڕاست کردبووەوە.
ریفۆمخوازان کە بە 3 بەربژێرەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی 2005دا بەشدارییان کردبوو، نەیانتوانی سەرکەوتن بە دەستبێنن. هۆکاری دۆڕانیشیان، یەکەم: زۆربوونی ژمارەی بەربژێرەکانیان، کە ژمارەی دەنگەکانیانی شکاند، دووەم: حکومەتی محەممەد خاتەمی ئەزموونێکی سەرکەوتووی پێشکەش نەکردبوو.
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی 2009 بۆ ریفۆرمخوازان کارەسات بوو. ئەو کات کە خولی دەیەمی سەرۆککۆماریی ئێران بوو، بەربژێری سەرەکیی نەریتخوازان مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو، بەربژێری ریفۆمخوازانیش میرحوسێن موسەوی و هەروەها مەهدی کەڕووبی بوون.
مەحموود ئەحمەدی نەژاد وەک سەرکەوتووی هەڵبژاردن راگەیێنرا. ریفۆرمخوازان ئەمەیان قبووڵ نەبوو. بۆیە خۆپێشاندانی گەورەیان کرد. دەسەڵات خۆپێشاندانەکان سەرکوت کرد و رێبەرانی بزووتنەوەی ریفۆرمخوازیی بەند کران، بەشێکیشیان دادگایی کران و زیندانیان بۆ بڕایەوە.
ئەم رووداوانە ریفۆرمخوازانی خستە تەنگانەیەکی زۆر قورسەوە، بەجۆرێک کە تاوەکو ئێستاش نەیانتوانیوە بە تەواوەتی پشتڕاست بکەنەوە. دەسەڵات دەڵێ: دەبێت تۆبە و داوای لێبووردن بکەن. بەس ئەوان بێهیواش نەبوون، بەڵکو هەوڵیانداوە وردە وردە بۆ سەر دەسەڵات بگەڕێنەوە.
لەم راستایەدا چوار ساڵ دواتر واتە ساڵی 2013 پشتگیرییان لە حەسەن رووحانی کرد. رووحانی خۆی وەک کەسێکی میانەڕەو دەناسێنێ. ئەو هەم نەریتخوازان و هەمیش ریفۆمخوازانی لە دەسەڵاتدا بەشداری پێکرد، بۆ نموونە ئیسحاق جەهانگیری وەک جێگری خۆی دیاریی کرد کە کەسێکی ریفۆمخوازە.
بۆ خولی دواتریش، واتە هەڵبژاردنی ساڵی 2017 ریفۆرمخوازان دیسان هەمان سیاسەتیان گرتەوەبەر. واتە دیسان پشتیوانیان لە رووحانی کردەوە، بابەتێک کە بە "منداڵدانی کرێگرتە" دەناسرێ و زیانی زۆری بە پێگەی جەماوەریی ریفۆمخوازان گەیاندووە، چونکە ریفۆرمخوازان بیانهەوێ یان نا، ئەوانیش لە کێشە و گرفتارییە ئابوورییەکانی خەڵک لە چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسایەتییان هەیە.
بەڵام لە خولی ئەمجارەی هەڵبژاردندا لانیکەم بەشێکی زۆری ریفۆرمخوازان نایانهەوێ ئەزموونی دوو خولی رابردووی هەڵبژاردن دووبارە بێتەوە.
هاوبەندییە ریفۆرمخوازەکان
ریفۆمخوازان ساڵی 2013 ئەنجومەنی باڵای سیاسەتدانانی ریفۆرمخوازان – شعسا-یان پێکهێنا. بەرپرسی ئەم ناوەندە محەممەدرەزا عارف بوو. عارف ساڵی 2013 بەربژێری سەرۆککۆماریی بوو، بەڵام دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن بە قازانجی رووحانی کشایەوە. ریفۆمخوازان بە ئەنجومەنی باڵاوە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016ی پەرلەماندا توانیان نزیک بە 85 کورسی پەرلەمان بە دەستبهێنن. عارف بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا و وەک سەرۆکی فراکسیۆنێکی زۆر گەورەی پەرلەمانیش زۆر لاواز دەرکەوت.
بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2020ی پەرلەمان ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران شیاوی بەشی زۆری بەربژێرە ریفۆمخوازەکانی رەتکردەوە. هەر ئەمەش ریفۆمخوازانی دابەشکرد. بەشێک، ریفۆمخوازە تووندڕەوەکان، پێیان وابوو بۆ هەڵبژاردن لیست نەدرێ، بەڵام 9 حزبی میانەڕەوتری ریفۆمخواز بە دوو لیستی جیاوازەوە بەشداربوون، کە خەڵکیش پێشوازیی لێیان نەکرد.
دوای ئەم دۆڕانە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسەتدانانی ریفۆمخوازان راوەستا، دوای ماوەیەکیش عەبدولواحید موسەوی لاری، کە جێگری عارف لەو ئەنجوومەنەدا بوو لە مانگی نیسانی ساڵی 2020 دا دەستی لەکارکێشایەوە. دوای ماوەیەکیش دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد رەزا عارف بڵاوبووەوە، تەنانەت باس لەوە کرا کە عارف پێش لە موسەوی لاریش دەستی لەکار کێشاوەتەوە. کە ئەمە نیشانەی بە بنبەست گەیشتنی ئەو ئەنجومەنە بوو.
بەریەکی نوێ بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021
دوای ئەمە ریفۆمخوازان هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی نوێیاندا. لە رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2021 پێکهاتنی ناوەندێکیان بەناوی "دامەزراوەی کۆکەرەوەی ریفۆمخوازانیان" راگەیاند. دامەزراوەکە لە 31 حزب و 15 کەسایەتی ریفۆمخواز پێکدەهات. دوای ماوەیەکیش ناوەکەیان گۆڕی بۆ "بەرەی ریفۆرمخوازانی ئێران" و بێهزاد نەبەوی وەک سەرۆکی دیاریی کرا.
پێکهاتنی ئەمە بەرەیە بۆ ریفۆمخوازان هەنگاوێکی روو پێش بوو، چونکە ئەوان هیوادارن بەم بەرەیەوە، بە یەک بەربژێر و بە یەک ستراتژییەوە بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن. ئەم دامەزراوە هاوکات رەخنەی هەندێ لە ریفۆمخوازانی لەسەرە، یەکەم ئەوەی کە کەسایەتیی نوێی تێدا نییە و هەر هەمان رێبەرانی پێشتری ریفۆرمخوازانن، دووەم، کەسایەتییەکان هاوسەنگیی حیزبەکان ئەژمار کراون، سێیەم، دیسان دەبێت محەممەد خاتەمی رەزامەندیی لەسەر بڕیارەکانی ئەم دامەزراوەیە بدات، چوارەم، هەندێ کەسایەتی ریفۆرمخوازی تێدا نییە لەوانە محەممەڕەزا عارف، موحسین هاشمی کوڕی هاشمی رەفسەنجانی و مەسعود پزیشکیان، پەرلەمانتار.
لە روانگەی رەخنەگرانەوە ئەم دامەزراوەیە کێشەکانی هاوپەیمانییەکانی پێشتری ریفۆمخوازانی چارەسەر نەکردووە و دیسان جۆرێک ئاغا و کوێخایەتی بەسەر دامەزراوەکەدا زاڵە. بەپێی ئەو رێوشوێنەی بۆ بەرەی ریفۆمخوازان دیاریکراوە، هەر حزبێک پاڵێوراو یان پاڵێوراوەکانی ناویان تۆمار دەکەن و چاوەڕێ دەبن بزانن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی چ کەسێک پشتڕاست دەکاتەوە، دوای ئەوە لەنێو ئەوانەدا کە شیاوییان پەسندکرا، لەسەر کەسێک ساخ دەبنەوە و پشتیوانی لێدەکەن.
ئەگەرەکانی بەردەم ریفۆرمخوازان بۆ هەڵبژاردن
کێشەیەکی گرنگی ریفۆمخوازان ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە، کە رەنگە وەک هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمان کەسایەتییە دیار و خاوەن جەماوەرەکانیان رەت بکاتەوە. ئەمە وایکردووە جارێ بە پارێزەوە بجوڵێنەوە و نەوێرن لە ئێستاوە پەردە لەسەر بەربژێرەکەیان لابدەن، چونکە لەو کاتەدا ئەگەری رەت کردنەوەی شیاوییەکەی زیاتر دەبێت و لە ئێستاشەوە دەکرێتە ئامانجی هێرش و رەخنەکانی نەریتخوازان.
هەر بۆیەشە ئەگەرێک هەیە کە رەنگە ریفۆمخوازان بە دوو بەربژێرەوە بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن و یەکێک لە بەربژێرەکان بکەنە قەڵخان و پشتیوانی بەربژێری سەرەکییان، وەک لە هەڵبژاردنی چوار ساڵ پێشدا کردیان، کە ئیسحاق جەهانگیری بەربژێری پاڵپشتی حەسەن رووحانی بوو.
بابەتێکی دیکە کە دەتوانێت کێشە بێت بۆ ریفۆمخوازان بوونی کەسایەتییە جۆراوجۆرەکانە کە ئەگەر بیانەوێ سەربەخۆ خۆیان بەربژێر بکەن، دەنگی بەرەی ریفۆمخوازیی دابەش دەکەن، بۆ نموونە محەممەدرەزا عارف کە لەوە دەچێت کە ریفۆمخوازان دڵ بە گلەیی بێت، چونکە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 بەجۆرێک ناچار کرا بە قازانجی رووحانی پاشەکشێ بکات، رەنگە هەر ئەوەش بوو کە راگەیەنراوێکدا کە بڵاوی کردەوە نەیگوت لەبەر رووحانی کشاوەتەوەو تاوەکوو ئێستاش راستەوخۆ واینەگەتووە. جگەلەوەش لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016ی پەرلەمانیشدا کە بە هیوای سەرۆکایەتی پەرلەمان خۆی بەربژێر کردبوو، ریفۆرمخوازان پشتگیرییان نەکرد کە ئەو پۆستە بەدەستبێنێت.
هەروەها کەسانێکی وەک مەسعود پزیشکیان کە ئەندامی هیچ حزبێکی ریفۆمخواز نییە، ئەو دەڵێ هێشتا بە تەواوەتی ساخ نەبووەتەوە و دەڵێ تاوتوێی بارودۆخ دەکات بۆ ئەوەی بزانێت خۆ بەربژێر بکات یان نا.
بەڵام کێشەیەکی دیکەیش کە بە دوور نییە بەرۆکی ریفۆمخوازان بگرێ ئەوەیە کە هەندێ لە حزبە ریفۆرمخوازەکان ئامادە نەبن پشتیوانی لەو بەربژێرە بکەن کە ئەنجومەنی ریفۆمخوازان بڕیاری لەسەر دەدات. بەمجۆرە کۆدەنگییان کێشەی بۆ دروست ببێت.
هەڵوێستی هەندێ لە ریفۆمخوازان لەسەر شێوەی بەشداریی کە هەڵبژاردن ئەم ئەگەرە بەهێزتر دەکات. بۆ نموونە حزبی کارگوزارانی سازندەگی کە حزبێکی میانەڕەوتر دەڵێ ئەگەر پێویست بکات و بۆ ئەوەی رێگە لە سەرکەوتنی نەریتخوازان بگرن، ئامادەن پشتیوانی لە بەربژێری کرێگرتە بکەن، بۆ نموونە لە عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، کە نەریتخوازێکی میانەڕەوەی هاوشێوەی حەسەن رووحانییە.
بەڵام هەندێ لایەنی دیکەی ریفۆرمخواز پێیان وایە نابێت چیدیکە نەریتخوازان خۆیان بکەنە قوربانی ئەمجۆرە بەربژێرانە کە هیچ پابەندی ئامانج و بەها ریفۆرمخوازییەکان نین و تێچوویان بۆ بدەن، بۆیە دەبێت بەربژێرەکەیان کەسێکی تەواو ریفۆرمخواز بێت و ئەگەریش شیاوی بەربژێرە ریفۆرمخوازەکان پەسند نەکرا، بەشداریی لە هەڵبژاردندا نەکەن.
جگە لەمانە جەماوەریان لێ تەکیوەتەوە، واتە ئەو خەڵکەی پێشتر لەگەڵیان بوو، ئیدی لەگەڵیان نەماوە. رێژەی کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنی دوایین خولی پەرلەماندا، زەنگێکی مەترسی بۆ ریفۆرمخوازان بوو. گەرچی ئێستا هەندێ لە ریفۆمخوازان دەیانەوێ وابنوێنن کە ئەوان لە کێشە و گرفتارییە ئابوورییەکانی ساڵانی رابردوودا پشکیان نییە و ئەوە پەیوەندیی بە رووحانییەوە هەیە، بەڵام خەڵک باوەڕ بەم قسانە ناکات.
ئەو کەسایەتییانەی ریفۆمخوازان چاویان لێیانە
لەم رۆژانەدا هەوڵەکان بۆ بەربژێرکردنی حەسەن خومەینی، کوڕەزای روحۆڵا خومەینی رێبەری پێشووی ئێران، زۆر زیادی کردبوو. پێیان وابوو ئەو دەتوانێت کۆدەنگی ریفۆرمخوازانی لەسەر دروست بێت. بەڵام یەکێک لە براکانی گوتی، سەرقاڵی تاوتوێکردنی بارودۆخ بووە کە سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران پێی گوتووە باشتر وایە خۆی بەربژێر نەکات و بەم پێیەش کەسایەتییەک کە دەیتوانی چانسی ریفۆمخوازان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردن بەرز بکاتەوە، بەکردەوە هێڵی سووری بەسەدا هات. ئەمە وەرگرتنەوە چانسێکی گەورە لە ریفۆرمخوازان بوو.
عەلی لاریجانی کەسایەتییەکی میانەڕەوی نەریتخوازە، ماوەیەکی زۆر ئەزمونی کاری سیاسی و بەرپرسایەتی هەیە. بۆ نموونە بەرپرسی رێکخراوی دەنگ و رەنگی (رادیۆ و تەلەفزیۆن) ئێران بووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی پەرلەمان بووە.
عەلی لاریجانی کەسێکی جێی متمانەی رێبەری ئێرانە و هەندێ لە بەرپرسایەتییەکانی لەو وەرگرتووە، بۆیە شیاوبوونی رەت ناکرێتەوە، بۆ سیاسەتی دەرەوە روانگەی نزیک لە ریفۆمخوازانە، ئەگەر لە هەڵبژاردندا دوو روانگەی جیاواز لەسەر سیاسەتی دەرەوە لەنێوان ریفۆرمخواز و نەریتخوازان دروست بێت، لاریجانی دەتوانێت کەسێکی گونجاو بۆ ریفۆرمخوازان بێت. لاریجانی ساڵی 2005 لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارییدا بەشداریی کرد و دەنگی نەهێنایەوە. بەشێک لە ریفۆمخوازان نایانهەوێ جارێکی دیکە متمانەی خۆیان بدەنە دەست کەسێکی کرێ گرتەوە.
ئیسحاق جەهانگیری، هەشت ساڵە جێگری سەرۆککۆماری ئێرانە، چوار ساڵ لەمەوبەر بەربژێر سەرۆکایەتی بوو، هەڵبەت وەک پشتیوانی حەسەن رووحانی. زۆر کەس پێیان وایە جەهانگیری لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر چاکتر لە رووحانی دەرکەوت. جەهانگیری لەو کەسانەیە کە ئەگەری کەمە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی رەت بکاتەوە. بەڵام کێشەی جەهانگیری ئەوەیە لە میراتی حکومەتی حەسەن رووحانیدا پشکی هەیە، میراتی رووحانیش رەوشی خراپی ئابووری و گوشارێکی زۆر کە لەسەر خەڵک هەیە. بۆیە ئەگەری دەنگهێنانەوەی زۆر نییە.
موحسین هاشمی یەکێک لەو کەسانەیە کە حزبی کارگوزارانی سازندەگی بەربژێربوونی تاوتوێکردووە، خۆی پێشتر گوتوویەتی: خۆی بەربژێر ناکات. ریفۆمخوازان هیوایان بە محەممە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەیە و لەنێو کۆڕوکۆبوونەوە ریفۆرمخوازییەکاندا زۆر باسی دەکرێ، بەس خۆی دەڵێ: خۆی بەربژێر ناکات. هەڵبەت ئەگەریش خۆی بەربژێر بکات کێشەی زۆری هەیە، بۆ نموونە رێککەوتنی ئەتۆمی کە ئەگەر گۆڕانکارییەکی تێدا روونەدات، خاڵێکی نەرێنی لە ژیانی سیاسیدا دێتە ئەژمار.
مستەفا کەواکبیان، سکرتێری حزبی خەڵک سالاری کە حزب بەربژێری دەکات و بە بڕیاری بە فەرمی ناوی تۆمار بکات. محەممەد سادق خەڕازی، سکرتێری حزبی نەدای ئێرانییەکان، کە گوتوویەتی لەسەر داوای حزب خۆی بەربژێر دەکات. بەس ئەمان زەحمەتە کۆدەنگی ریفۆمخوازانیان لەسەر دروست بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ