تەندروستیی ئێران: 110 کەس بە ئەنفلەوەنزا گیانیان لەدەستداوە

51 خولەک له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا 110 کەس بە ئەنفلەوەنزاوە گیانیان لەدەستداوە و تووشبوون بەو پەتایە زیاتر بووە.
 
عەلی رەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، رایگەیاند: "ژمارەی تووشبووان بە پەتای ئەنفلەوەنزا بە خێرایی زیاتر دەبێت. بەراورد بە پار، بڵابوونەوەی نەخۆشیەکە زیاتر بووە."
 
عەلی رەزا رەئیسی گوتی: "گیانلەدەستدان بە ئەنفلەوەنزا گەیشتووتە 110 کەس و زۆربەی ئەوانەی بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، پێشتر ڤاکسینیان وەرنەگرتووە."
 
عەلی رەزا رەئیسی ئاماژەی بەوەشکرد، لە پارێزگاکانی گوڵستان، قەزوین، هورمزگان، سیستان و بەلووچستان، خوزستان، تاران، کرماشان و هەمەدان ژمارەی تووشبوانی پەتاکە زۆر زیاتر لە پارێزگاکانی دیکەیە.
 
عەلی رەزا رەئیسی گوتیشی، ژمارەی تووشبووان بە پەتای ئەنفلەوەنزا بەخێرایی زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێ، ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن، زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان تاوەکو نێوەڕاستەکانی مانگی کانوونی دووەم بەردەوام بێت و دواتر کەمبێتەوە.
 
محەممەد جەمالیان، ئەندامی کۆمسیونی تەندروستی لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت:" زۆرترین ژمارەی تووشبووانی ئەنفلەوەنزا منداڵن و گرانی نرخی ڤاکسین وایکردووە زۆر کەس توانای کڕینی ڤاکسینەکەیان نەبێت."
 
قوباد مورادی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش دەڵێ، ئێستا کاتی لێدانی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بەسەرچووە، بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشییان هەیە، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی تووشبوون بەو پەتایە کەم بکەنەوە، دەتوانن ڤاکسین وەربگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە