ئاکپارتی هۆشداری دەدات: ئاگری هێرشەکەی ئیسرائیل هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە

13-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئاگری هێرشەکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت هەموو جیهان رێوشوێنی کردەیی هاوبەش دژی ئیسرائیل بگرێتەبەر. 
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025ـی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر ئێران تاوانێکی نوێی بۆ تاوانە دڕندەییەکانی زیاد کرد کە ئاگرەکەی هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.
 
عومەر چەلیک دەڵێت، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەن. 
 
عومەر چەلیک باس لەوە دەکات، ئەو هێرشەی ئیسرائیل هیچ رەواییەکی نییە و هیچ جۆرە پاساوێکی قبووڵکراو نییە و دەشڵێت: "ئەمە هێرشێکی دڕندانەیە. پێویستە هەموو جیهان گرنگی بە هۆشدارییەکانی سەرۆککۆمارمان بدات سەبارەت بە ئەنجامی جینۆسایدەکانی حکومەتی نەتەنیاهوو." 
 
چەلیک جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە، حکومەتی نەتانیاهوو جارێکی دیکە هێرشێکی نوێی دەستپێکردووە بۆ لادانی سەرنجەکان لەسەر کردەوە کۆمەڵکوژییەکانی. 
 
چەلیک ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هێرشی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئێران و ئەمریکا لە دانوستاندندا بوون و بەم جۆرەش "جارێکی دیکە ئیسرائیل دەریخست دووژمنایەتی هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات". 
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتەبێژی ئاکپارتی دەڵێت: "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هەموو جیهان هەڕەشەن. دەبێت هەموو جیهان رێوشوێنی کردەیی هاوبەش دژی بگرێتەبەر."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە