پارێزگاری تەورێز: لە هێرشەکانی ئیسرئیلدا 31 کەس کوژراون

14-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز) رایگەیاند، ئیسرائیل 19 شوێنی لە سنووری پارێزگاکە کردووەتە ئامانج و 31 کوژراون.
 
بەهرام سەرمەست، بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، "دوای دەستدرێژییە ئاشکراکەی رژێمی زایۆنی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەمان، تاوەکو ئێستا 19 شوێن لە سنووری پارێزگاکە کراونەتە ئامانج."
 
ئەو شوێنانەی لە پارێزگاکە کراونەتە ئامانج، 12 شوێن لە دەوروبەری شاری تەورێزە "کە ناوەندە سەربازی و مەدەنییەکانیش دەگرێتەوە"، دوو  شوێن لە هەر یەک لە شارەکانی بستان ئاباد و شەبستەر و یەک شوێنیش لە شارەکانی ئازەرشەهر، مەراغە و تورکمانچای.
 
بە گوتەی پارێزگار، لە هێرشەکاندا تاوەکو ئێستا 31 کەس کوژران کە 30 کەسیان سەرباز و کەسێکی دیکەیان کارمەندی مانگی سووری ئێرانی بووە، هاوکات 55 کەسیش بریندار بوون.
 
تەورێز کە بە فارسی پێی دەگوترێ تەبریز، دووەم گەورە شاری ئازەری زمان و شەشەم شاری گەورەی ئێرانە، ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژھەڵاتی وڵاتەکەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە