میدیای فەرمیی ئێران: ئیسرائیل بارەگای وەزارەتی بەرگری کردە ئامانج

15-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، دوای هێرشی ئەمشەوی فڕۆکەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر تاران، بارەگای فەرماندەیی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان کرایە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هێرشە لە ناوچەی نۆبونیاد لە تاران ئەنجامدراوە و یەکێک لە باڵەخانە کارگێڕییەکانی ئەم بارەگایە زیانێکی کەمی بەرکەوتووە.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، لە هێرشێکی دیکەدا لەو ناوچەیە، رێکخراوی توێژینەوە و داهێنانەکانی بەرگریی وەزارەتی بەرگری (سپند)ـیش کراوەتە ئامانج.
 
ئەمشەو شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا وەشاندنی گورزێکی دیکەی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و تێیدا هاتووە، "زنجیرە هێرشێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەی تێکەڵاو بە کۆمەڵێک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەناوی "بەڵێنی راستی 3" و بە کۆدی 'یا عەلی ئیبن ئەبی تاڵیب'، لە ئێوارەی جەژنی غەدیردا لەلایەن هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژییە دووبارەکانی رژێمی زایۆنی، دەستیپێکرد."
 
هاوکات میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت: دەستیان بە هێرش کردەووەتەوە و دەیان مووشەک لە شیراز و ئەسفەهانەوە رووەو ئیسرائیل هاوێژراون.
 
هاوکات میدیای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئێران شارۆچکەی تەمەری لە باکووری شاری حەیفا کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و 10ی دیکەش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە