هۆشداری لە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەدرێت

14-07-2022
رووداو @Rudawkurdish
دیمەنێک لە دەریاچەی ورمێ
دیمەنێک لە دەریاچەی ورمێ
نیشانەکردن دەریاچەی ورمێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێترین دیمەنی دەریاچەی ورمێ وەکو هۆشداری وشکبوونی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لەلایەن میدیا و ژینگەپارێزانەوە دەستاودەست دەکرێت. دیمەنەکان کەمبوونی نزیکەی نیو مەتری ئاستی دەریاچەکە دەخەنەڕوو، ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ رادەستکردنی پێشنیازێک لەلایەن پەرلەمانتارانی ورمێ و تەورێزەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر پرۆژەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ کە زیاتر لە هەشت ساڵە کاری بۆ دەکرێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش تریلیۆن تمەنی تێچووە.
 
جەلال مەحموودزادە، نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "ناوەندی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ سەرەڕای ئەو بودجەیەی کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە لەبەردەستیدا بووە و ئەو هەموو یارمەتییە داراییە نێودەوڵەتیەش، تاوەکو ئێستا شەش تریلیۆن تمەن خەرجیی بووە و بڕیاربوو لە هەشت ساڵدا ئاستی ئاوەکەی بگاتەوە ئاستی ئیکۆلیژیک، بەڵام رێک پێچەوانە بووەوە و بەشێکی زۆری دەریاچەکە وشک بووە."
 
پێشنیازی لێکۆڵینەوەکە لە پەرلەمانی ئێران بە 182 دەنگ پەسند کرا، کە لە 18 خاڵ پێکدێت. سەرەکیترینیان بریتییە لە خەرجکردنی بودجەی تەرخانکراو بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، لێکۆڵینەوە لەو بڕە بودجەیە کە ماوەتەوە و چۆنێتیی خەرجکردنی لە داهاتوودا، لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە داراییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە و لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی ئەو بەشە لە پرۆژەکە کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ کراوە.
 
ئەو نوێنەرەی مهاباد لە پەرلەمانی ئێران گوتیشی، "بۆچی ناوەندی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ سەرەڕای خەرجکردنی زیاتر لە شەش تریلیۆن تمەن، نەگەیشتە ئەو ئامانجانەی کە دیاریکردبوو؟ چونکە ئەو ناوەندە هەر لە سەرەتاوە روانگەی سیاسیی هەبووە نەک روانگەیەکی جێبەجێکارانە. هەر بەو هۆیەشەوە زۆربەی بڕیارەکانی نازانستی بووە و تەنیا بە مەبەستی زیادکردنی ئاستی ئاوی دەریاچەکە بە هەر بەهایەک بووە. لەوانەش پێشێلکردنی مافی جووتیارانی پارێزگاکانی تەورێز، ورمێ و سنە بووە. هەربۆیە ناوەندی ژیاندنەوە بووە ناوەندێک بۆ خەرجکردنی بودجەی تەرخانکراو بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەکە لە کاروباری هەڵبژاردن و سەردانی بەرپرسان بۆ وڵاتانی دەرەوە."
 
جگە لەوانەش، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی ئیبراهیم رەئیسییەوە، پرۆژەی ژیاندنەوەی دەریاچەکە وەستاوە و لە کەمبارینەکانی ئەمساڵیش زیانی زیاتری لە دەریاچەکە دا؛ بە جۆرێک رووبەری دەریاچەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو 31% بچووک بووەتەوە.
 
مەسعود پزیشکیان، نوێنەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "باسی دەریاچەکەتان بۆ دەکەم کە ئێستا بڕیاری لێکۆڵینەوەتان لە کابینەی پێشووی حکومەت داوە. ئەو کابینەیە بەنداوی لێداوە و 37 کیلۆمەتر تونێلی دروستکردووە بۆ گواستنەوەی ئاو. 50 مەتری ئەو تونێلە ماوە، یەک ساڵە لەم کابینەیەدا رایانگرتووە و جێبەجێی ناکەن. سەرۆککۆماریش فەرمانی کردووە، بەڵام بەرپرسانی خۆجێیی جێبەجێیان نەکردووە. کەس نازانێت هۆکاری چییە."
 
دەریاچەی ورمێ لە 30 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 30 ملیار مەتر سێجا ئاوی بەراورد بە سەردەمی پڕئاوی لەدەستچووە و وشکبوونەکەی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژیانی زۆربەی گیانلەبەرەکان و 14 بۆ 20 ملیۆن خەڵکی ناوچەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بڕێک چەکی دەستبەسەرداگیراو

پاسەوانی سنووری ورمێ: لە سەردەشت دەستمان بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گرت

فەرماندەیی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سنووری سەردەشت دەستیان بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە کە بە "مەبەستی تێکدانی ئاسایش" هەوڵی هێنانیان بۆ نێو خاکی ئێران دراوە