رووداو دیجیتاڵ
عەلی لاریجانی، بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی ئێران رایگەیاند، دەبێت پەیوەندیی زیرەکانەمان لەگەڵ رۆژئاوادا هەبێت.
لاریجانی لە دوای ناونووسینی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئێران رایگەیاند، دەبێت ئێران پەیوەندییەکی زیرەکانەی لەگەڵ رۆژئاوادا و پەیوەندیی بەهێز و بونیاتنەر لەگەڵ رۆژهەڵات و پەیوەندیی برایانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دا هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لاریجانی گوتی، ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئێران ئەوا کار بۆ هێورکردنەوەی کەشوهەوای دیپلۆماسی دەکات تاوەکو دەرفەت بە بووژانەوەی ئابووریی وڵاتەکەی بدات.
سەبارەت بە گفتگۆکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی، لاریجانی هیوای خواست گفتوگۆکان بە ئەنجامێک بگەن، چونکە بەگوتەی ئەو، ئەنجامی ئەرێنیی گفتوگۆکان تا رادەیەک رێگە دەدەن ئابووریی ئێران هەناسەیەک وەرگرێت.
لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای قورس و گەمارۆی تاقەرپڕووکێنی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش بووە هۆی لاوازکردنی ئابووریی ئێران، عەلی لاریجانی لەو بارەوە دەڵێت، "دەبێت کەشوهەوای دیپلۆماسی هێوربکەینەوە تاوەکو ئێمە بتوانین بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئەو گوشارەی کە لەسەر ژیانی خەڵکیدا هەیە نەهێڵین، دیپلۆماسی دەبێت لەو کارەدا هاوکار بێت، ئەوە سیاسەتی منە".
هەروەها سەبارەت بە گفتگۆکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی عەلی لاریجانی دەڵێت، "ئومێدوارم بە ئەنجامێک بگات، چونکە خودی ئەوە تا رادەیەک رێگە دەدات ئابووریی وڵات هەناسەیەک وەرگرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ