رەئیسی و لاریجانی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێرکرد

15-05-2021
فواد حەقیقی
دوایین دەرفەت بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران تەواوبوو
دوایین دەرفەت بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران تەواوبوو
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوایین دەرفەت بۆ ناوتۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران تەواوبوو. ئەمڕۆ رۆژی ئەو کەسایەتییانە بوو کە دەتوانن ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە. ئەمڕۆ دیار بوو کە کێشەی ئابوورییەکان و سیاسەتی دەرەوە گرنگترین مژارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت. 
 
مەسعود پزشکیان، بەربژێرە و دەڵێت، "کێشەی ئێمە لە وڵاتدا هەژارییە، گەندەڵییە، جیاوازیدانانە، نادادپەروەرییە، بژێوی خەڵکە، ئێمە بە بەشداریی خەڵک دەتوانین وەڵامدەری هەموو پێویستییەکان بین." 
 
موحسین هاشمیش، بەربژێرێکی دیکەیە و دەڵێت، "رێبازی ئایەتوڵا هاشمی رەفسەنجانی لە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ناوچە و جیهان درێژە دەدەم کە ئەویش لەسەر بنەمای نەهێشتنی ناکۆکی و ململانێ بوو."
 
ئەمڕۆ رۆژی هاتنی دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنەکانی رابردووش بوو، کە هەر ئەمڕۆ سەنگەریان لە رکابەرەکانیان گرت. عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ساڵی 2005 بەربژێر بوو، سەرنەکەوت. نەریتخوازێکی میانەڕەوی نزیک لە حەسەن رووحانی، بەڵام ئەو هەم رەخنەی لە نەریتخوازان گرت و هەمیش رێی خۆی لە رووحانی جیاکردەوە. 
 
عەلی لاریجانی رایگەیاند، "ئەوە ساویلکەییە ئەگەر پێمان وابێت کێشەکانی وڵات بە هەندێ کردەوەی پۆپۆلیستی چارەسەر دەبێت، یان بە کلیلێکی سیحراوی دەکرێت چارەسەر بکرێت، یان بە سوپەرمان ئاسا و سەرکوت رێگەچارە بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە."
 
ئیبراهیم رەئیسی بەختی سەرەکیی نەریتخوازانە کە هەڵبژاردنی پێشووی بە حەسەن رووحانی دۆڕاند. سەرۆکی دەزگای دادە و تۆمەتبارە بەوەی دەستی لە کوشتاری هەزاران گیراوی سیاسی دەیەی 80 زایینیی ئێراندا هەیە.
 
ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند، "هاوبەش و بنیاتنەرانی ئەم بارودۆخە ناتوانن دۆخی وڵات بگۆڕن، دەبێت کەسانێک بن کە بە باوەڕەوە، باوەڕیان بە گۆڕانکاری هەبێت. من خۆم بە رکابەری گەندەڵی، ناکارامەیی، ئاریستۆکراسی - خانەدانی دەزانم، رکابەری باڵە سیاسییەکان و ئەم گرووپ و ئەو گرووپ نیم." 
 
هاوکات ئیسحاق جەهانگیری، ریفۆرمخواز و هەشت ساڵ جێگری سەرۆککۆمار بووە، خولی پێشووی هەڵبژاردن بەربژێر بوو، بەڵام بە قازانجی رووحانی کشایەوە. دەڵێت، ئەوانەی کە لە کارنامەکەیاندا کەمترین هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک دەبینرێت، بەجۆرێک دروشم دەدەن کە دەڵێی دەتوانن کێشە ئاڵۆزەکان وڵات و خەڵک بە شەوێک چارەسەر بکەن.
 
موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، چوار جاری دیکەش خۆی بەربژێرکردووە، لە هیچیان دەنگی نەهێناوەتەوە. سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەمیش ساڵی 2013 بەربژێر بوو، بەڵام بە رووحانی دۆڕا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە