رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی بەرژەوەندییەکانی ئێران رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا هەموو وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییان کرد و گوتیان، "ئێمە پشتیوانتانین." پاکستان-یش گوتوویەتی "ئەگەر ئیسرائیل بۆمبی ئەتۆم بەکاربهێنێت، ئێمەش بە بۆمبی ئەتۆم لێیان دەدەین."
موحسین رەزایی، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئێران کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە پەخشکرا، رایگەیاند، "زۆربەی رووداوەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ پەیوەندییان بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە هەیە کە دوژمن [ئیسرائیل] بە شێوازی جیاواز لەسەر سەربانی هەندێک خانوو جێگیری کردوون و لە دوورەوە ئاراستەیان دەکات."
موحسین رەزایی دەڵێت: ئێران لە هێرشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا، مووشەکی وای بەکارهێنا کە کڵاوەی جەنگیی یەک تەن و نیویان هەبوو؛ ئێران کڵاوەی دیکەی بە کێش و هێزی زیاتریشەوە هەیە کە هێشتا بەکاری نەهێناون."
ئەو ئەندامەی دەستەی بەرژەوەندییەکانی ئێران کە هاوکات پلە سەربازییەکەی لیوایە، لە گوتەکانیدا باسی ئێرانی لەدوای شەڕەکە و "سەرکەوتن" کرد و گوتی: "دوای سەرکەوتنی ئێران لەم شەڕەدا دەرگاکانی پێشکەوتن دەکرێنەوە، ئەمریکییەکان بە زەلیلی دێن بۆ وەبەرهێنان و دەرگاکانی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان دەکرێنەوە."
دەشڵێت: "ئێمە تاوەکو ئێستا شەڕەکەمان بەڕێوەبردووە، بەڵام رەنگە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە سنوورەکان ببەزێنین و دەست بدەینە هەندێک هەنگاو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ