رووداو دیجیتاڵ
مەلەک ئاکارمووت، کە لە باکووری کوردستان بە "مارلین مۆنرۆکەی مێردین" ناسراوە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی دیمەنی شۆفێرێکی تاکسی کە بە ئۆتۆمبێلەکەی سەگێکی خەوتووی شێلاوە، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد.
رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 26ـی ئایاری 2024 لە گەڕەکی ئارتۆکوڵو لە مێردین؛ لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوت شۆفێرێکی تاکسی لەکاتی هەڵگرتنی سەرنشینێکدا بەسەر سەگێکدا دەکەوێت کە لەسەر شۆستەکە خەوتووە. دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەکە، شۆفێرەکە کە گوتبووی "ئاگام لێ نەبووە"، بەپێی یاسای ژمارە 5199ـی پاراستنی ئاژەڵان تەنیا سزای دارایی درا.
بەڵام دۆسیەکە بۆ مەلەک ئاکارمووت بەو شێوەیە کۆتایی نەهات؛ دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆی کامێرای چاودێریی شوێنی کارەکەی خۆی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە، شۆفێرەکە سکاڵای لەسەر تۆمار کرد. دادگەش بە تۆمەتی "پێشێلکردنی نهێنیی ژیانی تایبەت" سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر "مارلین مۆنرۆکەی مێردین"ـدا سەپاند.
مەلەک ئاکارمووت پێش ئەوەی بچێتە نێو زیندانی کراوەی ژنانی ئەلعەزیز، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئێستا لەبەردەم دەرگای زیندانم بۆ ئەوەی خۆم رادەست بکەم. ئەوانەی وەکو ئێمەن لە ژوورەوەن، خەڵکی خراپ لە دەرەوەن. تاوانی من تەنیا پاراستنی ئاژەڵانە."
مارلین مۆنرۆکەی مێردین نیگەرانیی خۆی لە سزاکە دەربڕی و گوتی: "ئەم سزایە تەنیا بۆ من نییە، بەڵکو بۆ زۆر لە پشیلە، سەگ و منداڵانە... نەک ئەو کەسەی سەگەکەی منی شێلا، بەڵکو من دەچمە زیندان." باسی لەوەش کرد کە بەهۆی زیندانیبوونیەوە دووکانەکەی دادەخرێت و داوای کرد خەڵک لەم ماوەیەدا "بە تەنیا جێیان نەهێڵن".
مەلەک ئاماژەی بە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان کرد و گوتی: "100 پۆلیس تەلەفۆنیان کرد و گوتیان 'چووی؟'، وەکو ئەوەی من بکوژ بم. من هەر گوتم خۆم رادەست دەکەم و بۆ هیچ شوێنێک راناکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ