رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای ئێران دەڵێت، بنکەکانیان لە ئامادەیی تەواودان و "بەبێ گوێدانە قسە بێ بنەماکانی دووژمنانمان، بە هەموو تواناوە لە بەرامبەریان دەوەستینەوە."
ئەمڕۆ هەینی 16-05-2025 حەمید واحیدی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای ئێران لە رێوڕەسمێکدا رایگەیاند، "سەرجەم بنکەکانمان لە بواری هێزی مرۆیی و توانا سەربازییەکانەوە 100% لە ئامادەییدان، بۆئەوەی بەرگریی تەواو لە ئاسمانی وڵاتەکەمان بکەن."
حەمید واحیدی بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ وڵاتێک گوتی، "هێزە ئاسمانییەکانمان گرنگی بە قسە بێ بنەماکانی دووژمنان نادەن و بە هەموو تواناوە بەرامبەریان دەوەستنەوە."
قسەکانی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای ئێران لە کاتێکدان، ناوە ناوە ئەمریکا و ئیسرائیل بەهۆی پرسی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ئەو وڵاتە دەکەن؛ ئەمڕۆ هەینییش بەرپرسانی ئێران هەر لەسەر پرسی ئەتۆمی و سزاکان، لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە وڵاتی تورکیا کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ئێران و ئەورووپییەکان، هەفتەیەک لەدوای گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت، کە تاران گفتوگۆکانی بە "زەحمەت، بەڵام سوودمەند" وەسف کردووە و بەرپرسانی ئەمریکاش گفتوگۆکانیان بە "هاندەر" ناوبردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ