ئێران
سێنتکۆم دەڵێ، سوپای پاسداران بە هێلیکۆپتەر چوونەتە سەر کەشتییەکە، دەستیان بەسەردا گرتووە و ئاراستەکەیان بەرەو سنووری ئێران گۆڕیوە
رووداو دیجیتاڵ
سێنتکۆم دەڵێ، هێزەکانی ئێران "بە شێوەیەکی نایاسایی" دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتووە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵکردبوو و بەرەو سنووری ئاویی خۆیان بردوویانە. سوپای پاسدارانیش دەڵێ: "کەشتییەکە باری نایاسایی هەڵگرتبوو."
رۆژی یەکشەممە 16-11-2025، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان چاودێریی رووداوێکیان کردووە کە تێیدا هێزەکانی ئێران لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتی "بە نایاسایی چوونەتە سەر کەشتیی ئێم ڤی تالارادا و دەستیان بەسەردا گرتووە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، رۆژی هەینی 14ـی مانگ، دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای پاسداران بە هێلیکۆپتەر چوونەتە سەر کەشتییەکە، دەستیان بەسەردا گرتووە و ئاراستەکەیان بەرەو سنووری ئێران گۆڕیوە کە هێشتا لەوێ راگیراوە.
سێنتکۆم دەڵێ: "بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ئێران بۆ چوونەسەر و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بازرگانی لە سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەکان، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە کە ئازادیی گەشتکردن و رەوتی ئازادی بازرگانی تێکدەدات. داوا لە ئێران دەکەین بنەمای یاسایی بۆ ئەو کردەوەیە بخاتەڕوو."
رۆژی شەممە 15ـی ئەم مانگە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە رۆژی هەینی کاژێر 7:30ـی بەیانی دوای ئەوەی "فەرمانێکی دادوەری بۆ دەستبەسەرداگرتنی باری نەوتهەڵگرەکە دەرچوو"، هێزەکانیان دەستیان بەسەردا گرت.
سوپای پاسداران دەڵێ: "دەرکەوت کەشتییەکە باری نایاسایی هەڵگرتووە و یاسای پێشێلکردووە؛" ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکە "30 هەزار تۆن باری پیترۆکیمیایی هەڵگرتبوو و بەرەو سەنگاپوور دەچوو."
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ئەو هەنگاوە دژی هیچ وڵاتێکی دیکە نەبووە و پرسێکی تەواو خۆجێییە و بارەکە "بەرهەمی پیترۆکیمیایی ئێرانی بووە کە بە نایاسایی هەناردە دەکرا و تاوانباری سەرەکی، بازرگانێکی ئێرانی بووە."
کۆمپانیای (ئەمبرێی)ـی بەریتانی تایبەت بە ئاسایشی دەریایی رایگەیاندووە، کەشتییەکە لە ئیمارات بەڕێکەوتبوو کاتێک لە گەرووی هورمز سێ بەلەمی بچووک لێی نزیک بوونەتەوە و "ئاراستەکەی بە شێوەیەکی لەناکاو گۆڕیوە".
(کەشتیگەلی پێنجەم)ـی ئەمریکا کە لە ناوچەکەدا دەگەڕێ، رایگەیاند: "کەشتییە بازرگانییەکان مافی رێڕۆی بێبەربەستیان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ