فۆردۆ؛ قەڵا ئەتۆمییەکەی ئێران کە تەنیا بۆمبێکی ئەمریکی دەتوانێت بیپێکێت

17-06-2025
تەنیا ئەحمەد
بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ. وێنە: - / Satellite image ©2025 Maxar Technologies / AFP
بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ. وێنە: - / Satellite image ©2025 Maxar Technologies / AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا شەڕی ئاسمانیی نێوان ئێران و ئیسرائیل چڕتر دەبێتەوە، سەرنجەکان دەچنە سەر پارێزراوترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران کە بە فۆردۆ ناسراوە و لە قووڵایی چیایەکدا دروستکراوە بۆ پاراستنی لە هەر هێرشێک؛ بەڵام تەنیا سوپای ئەمریکا خاوەنی ئەو چەکەیە کە دەتوانێت بگاتە ئەو قووڵاییە، ئەویش بۆمبێکی 30,000 پاوەندییە کە بە "حەشارگەشکێن" ناسراوە.
 
ئەم بۆمبە، کە بە فەرمی بە "Massive Ordnance Penetrator" ناسراوە، بە تایبەتی بۆ لەناوبردنی بنکە قووڵەکانی ژێر زەوی و دامەزراوە سەربازییە پارێزراوەکان دیزاین کراوە. شارەزایان لەو بڕوایەدان تاکە چەکی ئاسمانی بێت کە دەتوانێت فۆردۆ وێران بکات. 
 
ئەو چەکە وێرانکەرە درێژییەکەی شەش مەترە و کێشەکەشی 15 تۆنە، وایکردووە کە تەنیا فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی بتوانێت هەڵیبگرێت.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا، "ئیسرائیل بە تەنیا ناتوانێت فۆردۆ لەنێو ببات، چونکە ئەمریکا بەردەوام رێگری کردووە لەوەی ئیسرائیل دەستی بەو بۆمبە بگات، ئیسرائیلیش خاوەنی ئەو فڕۆکە بۆمبهاوێژە قورسانە نییە کە بتوانن هەڵیبگرن."
 
بەرپرسانی سەربازی دەڵێن، ئیسرائیل دەتوانێت لە رێگەی لێدانی وێستگەکانی کارەبا و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە کە کار بە دامەزراوەکە دەکەن، زیانێکی گەورەی پێبگەیێنێت و پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم تێیدا خاو بکاتەوە.
 
هێرشکردنە سەر فۆردۆ خاڵی ناوەندیی هەر هەوڵێکە بۆ لەنێوبردنی توانای ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. لە ئاداری 2023، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لە فۆردۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 83.7% دۆزراوەتەوە، کە زۆر نزیکە لە رێژەی 90%ـی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
 
پلانی جێگرەوەی ئیسرائیل
 
ساڵانێکە ئیسرائیل چەندین پلانی بۆ هێرشکردنە سەر فۆردۆ داڕشتووە. یەکێک لەو پلانانە، کە پێشکەش بە بەرپرسانی ئیدارەی ئۆبامایان کردبوو، بریتیبوو لە ناردنی هێلیکۆپتەری پڕ لە کۆماندۆ بۆ شوێنەکە، تاوەکو بە شەڕ رێگەی خۆیان بۆ ناو دامەزراوەکە بکەنەوە و بە تەقەمەنی لەناوی ببەن.
 
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکی دەڵێن، ئێستا کە ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانی بەسەر بەشێکی زۆری ئێراندا بەدەستهێناوە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەتوانن بەسەر فۆردۆدا بسوڕێنەوە و لەکاری بخەن، بەڵام ناتوانن بە تەواوی لەناوی ببەن. جەنەراڵ کێنێس مەکێنزی، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، دەڵێت: "فۆردۆ هێشتا ئامانجێکی زۆر قورسە."
 
هەڵوێستی ترەمپ و مەترسییەکان
 
سەرەڕای گوشارەکان، دۆناڵد ترەمپ تاوەکو ئێستا سیاسەتی چەندین ساڵەی ئەمریکای نەگۆڕیوە سەبارەت بە پێنەدانی بۆمبە حەشارگەشکێنەکان بە ئیسرائیل. جەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم دەڵێت: "ئەمریکا ئەم بۆمبە وەک هێزێک دەبینێت کە تەنیا لەبەردەستی خۆیدا بێت، نەک هاندەرێک بێت بۆ ئیسرائیل تاوەکو شەڕ لەگەڵ ئێران دەستپێبکات."
 

بڕیاری بەکارهێنانی بۆمبی ئەمریکی دژی فۆردۆ، لێکەوتەی نێودەوڵەتیی گەورەی دەبێت، لەوانەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی پیسبوونی ئەتۆمی و سەرکۆنەکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل بە "هێرشێکی نایاسایی". هەروەها رەنگە ئێران تۆڵەسەندنەوەکانی فراوانتر بکات و هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکاتە ئامانج. ترەمپ روونیکردووەتەوە کە ئارەزووی تێوەگلانی زیاتری لە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نییە.
 
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە، شەڕی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەوپەڕی گرژیدایە. ئیسرائیل تاوەکو ئێستا چەندین گورزی لە دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران وەشاندووە، لەوانە زیانگەیاندن بە دامەزراوەی نەتەنز و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی. بەڵام فۆردۆ، کە قووڵترین و پارێزراوترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانە، وەک "دوایین قەڵا" ماوەتەوە. 
 
ئەمەش گوشارێکی زۆری لەسەر ئیسرائیل دروستکردووە تاوەکو تواناکانی خۆی بسەلمێنێت، هاوکات رۆڵی ئەمریکای وەک تاکە هێز کە دەتوانێت گورزی کۆتایی بوەشێنێت، زیاتر دەرخستووە. 
 
ناکۆکیی نێوان ویستی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی تەواوەتیی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و دوودڵیی ئەمریکا لە تێوەگلانی راستەوخۆ، خاڵی ناوەندیی قەیرانەکەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی تاران

ئاژانسی فارس: لە هەندێک ناوچەی تاران رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویدا

ئاژانسی هەواڵدەریی فارس رووبەڕووبوونەوەی چەکداری و هێرشی درۆنی بۆ سەر چەند بازگەیەکی پشکنین لە تاران پشتڕاست کردەوە و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداریشەوە دەڵێ، ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون.