بەرنەدانەوەی ئاوی رووباری هیرمەند ناکۆکی خستووەتە نێوان ئێران و ئەفغانستان

21-05-2023
رووداو @Rudawkurdish
.
.
نیشانەکردن حەشدی عەشایەری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە هۆی ئاو کێشە کەوتووەتە نێوان ئێران و ئەفغانستان؛ حکومەتی تاڵیبان لە وەڵامی هۆشداریی سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی بەرنەدانەوەی ئاوی رووباری هیرمەند دەڵێت، ئەگەر شێوازی قسەکردنی بەرپرسانی ئێران گونجاو نەبێت، زیان بە پەیوەندییەکانی دوو وڵات دەگات، کە لە قازانجی هیچکامیاندا نییە. 
 
موبین خان، ژەنەراڵێکی تاڵیبانە و دەبەیەک ئاوی بەدەستەوە گرتووە، بە تەنزەوە وەڵامی هەڕەشەی سەرۆککۆماری ئێران دەداتەوە و دەڵێ "بەڕێز سەرۆککۆماری ئێران، هێرش مەکە، ئاو نییە. ئەمە دۆخی ئێمەیە. بۆخۆم دەبەیەکت بۆ دێنم. هێرش نەکەی، ئێمە دەترسین".
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی پێنجشەممە (18-5-2023) گوتی، هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان لەبارەی بەردانەوەی بەشە ئاوی ئێران لە رووباری هیرمەند و گوتی، قسەکەشی بە جدی وەربگرن.
 
قسەکانی ئیبراهیم رەئیسی کاردانەوەی حکومەتی تاڵیبانیشی لێکەوتەوە. تاڵیبان دەڵێ ئەگەر شێوازی قسەکردنی بەرپرسانی ئێران گونجاو نەبێت، زیان بە پەیوەندییەکانی دوو وڵات دەگات. ئاماژەی بەوەشداوە، پابەندی رێککەوتنی دوو وڵاتن، بەڵام بەو مەرجەی ئاو هەبێت و بگاتە ئێران. هەروەها دەڵێت، بەنداوی کەمال خان ئاوی تێدا نییە و ئەگەر ئاوی بەنداوی کەجکی بەریشبدەنەوە ناگاتە ئێران. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی تاڵیباندا دەڵێت، تاوەکو شارەزایانی ئێران لێکۆڵینەوە لەبارەی ئاوی رووباری هیرمەند نەکەن، "دان بە کەمبوونەوەی ئاوەکەیدا نانێین".
 
رووباری هیرمەند لە ویلایەتی هێلمەندی ئەفغانستانەوە سەرچاوە دەگرێت و دوای هەزار و 100 کیلۆمەتر دەڕژێتە نێو هاموون کە دەریاچەیەکی هاوبەشی نێوان ئێران و ئەفغانستانە. هەردوو وڵات لە ساڵی 1973ـەوە لەبارەی بەشە ئاوی ئێران لەو رووبارە رێککەوتنیان واژۆ کردووە، بەڵام ساڵ و نیوێکە ئاوی هیرمەند ناگاتە هاموون.
 
بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن، ئاو کەمبووەتەوە و رووبارەکە بە زەوییە وشکەکاندا ناگاتە سنووری ئێران، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەنداو لەسەر رێگەی لێدراوە و پێشی لێ گیراوە. پێش هەمووان، خەڵکی بێ ئاوی سیستان و بەلووچستان باجی قوڵبوونەوەی ئەو ناکۆکییە دەدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو هاوڵاتی ئێرانی دوای بۆردوومانکردنی ماڵەکانیان. وێنەکە: AFP

فریاکەوتنی ئێران: بەهۆی هێرشەکانەوە نزیکەی 450 ژن و منداڵ کوژراون

سەرۆکی فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، لە سەرەتای جەنگەوە 238 ژن کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و 700ـی دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەرو لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 500 بریندار و 208 کوژراوی خوار تەمەن 18 ساڵیش هەیە.