ئێران: بە رێککەوتن یان بێ رێککەوتن، لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبین

19-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی "بە رێککەوتن بێت یان نا" لەگەڵ زلهێزانی جیهان، لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت، ئەمە سەرەڕای دانوستاندنە بەردەوامەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەگەر ئەمریکا ئارەزووی دڵنیابوونەوەی هەیە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی نەبرێت، رێککەوتن نزیکە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆی جیدی بکەین ئەوەی بگەینە چارەسەرێک کە هەمیشە ئەو دڵنیاییە بدات."
 
عێراقچی گوتیشی: "بەڵام پیتاندن لە ئێران، بە رێککەوتن بێت یان نا، بەردەوام دەبێت."
 
ئێستا ئێران یۆرانیۆم بە رێژەی 60٪ دەپیتێنێت، کە زۆر لە سەرووی رێژەی 3.67٪ـی دیاریکراوە کە لە رێککەوتنی ساڵی 2015 ئاماژەی پێکرابوو، بەڵام کەمترە لە رێژەی 90٪ـی پێویست بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی.
 
تاران دەڵێت، ئامانجە ئەتۆمییەکانی "تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنین و بە تەواوەتی ئاشتییانەن."
 
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، مافی بەردەوامبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە "جێگەی گفتوگۆ نییە"، بەڵام دەڵێت ئامادەیە بۆ سنووردارکردنێکی کاتی لەسەر ئەوەی چەند یۆرانیۆم و بۆ چ ئاستێک دەپیتێنێت.
 
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران دووپاتیکردەوە، تاران "هەوڵی بە سەربازیکردنی ئەتۆمی نادات"،  گوتی پیتاندن لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.
 
ئیسلامی گوتی: "هەڵوەشاندنەوەی پیتاندن قبوڵکراو نییە."
 
عێراقچی رۆژی یەکشەممە هەروەها رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە متمانە لەگەڵ ئەو زلهێزە ئەورووپیانەدا دروستبکاتەوە کە لێکۆڵینەوە لە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بەسەر کۆماری ئیسلامیدا، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015.
 
عێراقچی لە کۆڕێکی دیپلۆماسیدا لە تاران گوتی: "ئێران ئامادەیە، ئەگەر ویستێکی راستەقینە و رێبازێکی سەربەخۆ لە لایەنە ئەورووپییەکانەوە بەدی بکات، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەورووپا هەڵداتەوە."
 
"ئەگەر ئەورووپا ویستی پێویستی هەبێت بۆ راستکردنەوەی ئەم رێڕەوە، ئێران هیچ رێگرییەک لەبەردەم بنیاتنانەوەی متمانەی هاوبەش و فراوانکردنی پەیوەندییەکاندا نابینێت."
 
رۆژی هەینی، دیپلۆماتە باڵاکانی ئێران لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆبوونەوە.
 
تاران چوار خولی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ واشنتن ئەنجامداوە، کە بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو نەیارە بووە لەوکاتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشایەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵی 2018 لە ماوەی یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، ، بە کشانەوەی تاکلایەنە و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر هەناردەی نەوت و کەرتی بانکیی ئێراندا، رێککەوتنەکەی پووچەڵکردەوە.
 
سێ زلهێزە ئەورووپییەکە، کە لە رێککەوتنەکەی 2015 بەشداربوون، تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئاخۆ میکانیزمی "سناپباک" (گەڕانەوەی خێرا) کارا بکەن یان نا. 
 
ئەو میکانیزمە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێراندا دەگەڕێنێتەوە. ئەو بژاردەیە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ کۆتایی دێت.
 
میدیای ئێران لە زاری عێراقچییەوە بڵاویکردەوە کە گوتوویەتی، پێویستە ئەورووپییەکان رۆڵێکی گەورەتریان هەبێت لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا. "ئێمە دەمانەوێت ئەورووپا رۆڵی خۆی بگێڕێت، تەنانەت ئەگەر رۆڵی خۆشی کەمکردبێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی تاران

ئاژانسی فارس: لە هەندێک ناوچەی تاران رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویدا

ئاژانسی هەواڵدەریی فارس رووبەڕووبوونەوەی چەکداری و هێرشی درۆنی بۆ سەر چەند بازگەیەکی پشکنین لە تاران پشتڕاست کردەوە و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداریشەوە دەڵێ، ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون.