رووداو دیجیتاڵ
مووشەکی سیجیل (بە عەرەبی: سجیل، بە واتای بەردی گڕگرتوو یان گڵی سوورەوەکراو)، یەکێکە لە پێشکەوتووترین مووشەکە بالیستییەکانی مەودا مامناوەندی ئێران.
ئەم مووشەکە کە بە سووتەمەنیی رەق کار دەکات، وەک جێگرەوەیەک بۆ مووشەکە کۆنەکانی وەکو شەهاب دروستکراوە کە بە سووتەمەنیی شل کاریان دەکرد.
دیزاینی سیجیل بە بازدانێکی گەورە لە توانای مووشەکیی ئێراندا دادەنرێت، چونکە ئامادەکردنی بۆ هەڵدان کاتێکی زۆر کەمتری دەوێت و بە ئاسانی ناتوانرێت پێشوەختە شوێنەکەی ئاشکرا بکرێت.
پێکهاتە و دیزاین
بەپێی شارەزایانی سەربازی، سیجیل هیچ لێکچوونێکی لەگەڵ تەکنەلۆژیای مووشەکیی کۆریای باکوور، رووسیا، چین یان پاکستان نییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ توانای ناوخۆیی ئێران لە پەرەپێدانی ئەم چەکەدا.
ئۆزی روبین، بەڕێوەبەری پێشووی رێکخراوی بەرگریی مووشەکیی ئیسرائیل، دەڵێت، "سیجیل بازدانێکی بەرچاو لە تواناکانی مووشەکیی ئێراندا نیشان دەدات. دوای ئەم مووشەکە ئێران دەچێتە قۆناخی مووشەکی کیشوەربڕ ICBM."
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەوەیە کە بە سووتەمەنیی رەق کار دەکات، ئەمەش وای لێدەکات زۆر خێراتر لە مووشەکەکانی وەک شەهاب-3 ئامادە بکرێت بۆ هەڵدان و دەتوانرێت لە گۆشەی جیاوازەوە ئاراستەی ئامانجەکانی بکرێت.
تایبەتمەندییەکان
جۆر: مووشەکی بالیستیی مەودا مامناوەند
وڵاتی بەرهەمهێن: ئێران
کێش: 22.5 تۆن
درێژی: 18.2 مەتر
تیرە: 1.25 مەتر
کێشی کڵاوەی جەنگی: لەنێوان 500 بۆ 1,500 کیلۆگرام
سووتەمەنی: رەق
مەودا: 2,000 بۆ 2,500 کیلۆمەتر
وردیی لە پێکانی ئامانج: تاوەکو 50 مەتر
شێوازی هەڵدان: سەکۆی گەڕۆک (Mobile Launcher)
مێژووی بەکارهێنان و هەڕەشەکان
ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر مووشەکی سیجیل لە شاری نەتەنزەوە هەڵبدرێت، دەتوانێت لە کەمتر لە 7 خولەکدا بگاتە تەل ئەڤیڤ.
لە 18ی حوزەیرانی 2025 و لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە مووشەکێکی جۆری سیجیلیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل رایگەیاند کە مووشەکەکەیان لە ئاسماندا خستووەتە خوارەوە، پاشماوەکانی تەنیا زیانێکی کەمیان بە ئۆتۆمبێلێک گەیاندووە.
جۆرەکانی مووشەکی سیجیل
سیجیل-1: یەکەمین جۆری ئەم مووشەکەیە کە لە دوو قۆناخ پێکدێت و بە سووتەمەنیی رەق کار دەکات. مەوداکەی دەگاتە 2,400 کیلۆمەتر. یەکەم تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی لە 13ی تشرینی دووەمی 2008 ئەنجامدرا.
سیجیل-2: بەپێی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS)، روون نییە کە ئایا سیجیل-2 جۆرێکی سەربەخۆیە، یان تەنیا ئاماژەیەکە بۆ ئەو تاقیکردنەوانەی کە ئێران لە ساڵی 2009 لەسەر هەمان مووشەک ئەنجامیداون.
سیجیل-3: راپۆرتی پشتڕاستنەکراوە باس لەوە دەکەن کە ئێران کار لەسەر پەرەپێدانی سیجیل-3 دەکات، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت و مەوداکەی دەگاتە 4,000 کیلۆمەتر و کێشی هەڵدانەکەشی 38,000 کیلۆگرام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ