رووداو دیجیتاڵ
لە 35ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە تاران، بۆ یەکەم جار دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە خۆراسانی باکوورەوە بەشداربوو.
زیاتر لە 50 ناونیشانی کتێبی نووسەرانی کوردی خۆراسانی بە زمانی کوردی و هەروەها ئەو کتێبانەی لەبارەی کوردی خۆراسان بە زمانی فارسی نووسراون، لە ژووری وەشانخانەی بیژەن یۆرد خراونەتەڕوو.
لە باکووری خۆراسان، چوار وەشانخانە کار لەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی دەکەن. بیژەن یۆرد چالاکترین و پڕ کارترینیانە و زیاتر بەرهەمی نووسەران لە بواری مێژوو، زمان، کولتوور و دابونەریتی کوردی خۆراسان بڵاو دەکاتەوە.
بەشداری وەشانخانەی بیژەن یۆرد لە پێشانگەی کتێبی تاران بۆ خوێنەرانی کورد سەرنج راکێش بوو. بەشی زۆری ئەوانەی سەردانی پێشانگەکەیان کرد، سەرێکی ئەو وەشانخانەیەشیان دا.
35ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی تاران شەوی شەممە کۆتاییهات.
گوتەبێژی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی تاران دەڵێت، لە 10 رۆژی پێشانگەکەدا زیاتر لە یەک ملیۆن بەرگ کتێب بە بەهای 497 ملیار تمەن بەشێوەی راستەوخۆ و ئۆنلاین فرۆشراوە کە دەکاتە نزیکەی 9 ملیۆن دۆلار. ئەو وەشانخانانەی کتێبی کوردیشیان فرۆشتووە، لە ئاستی فرۆشی ئەمساڵیان رازین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ