رووداو دیجیتاڵ
ئوسترالیا دەڵێت، کارەکانی لە باڵیۆزخانەکەی لە تاران راگرتووە و هۆکارەکەشی بۆ "خراپبوونی دۆخی ئەمنی" گەڕاندووەتەوە.
رۆژی هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "حکومەتی ئوسترالیا فەرمانی بە رۆیشتنی هەموو بەرپرس و کەسوکاری ئوسترالییەکان [لە ئێران] کردووە."
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا دەشڵێت، بڕیارەکەیان "لەسەر بنەمای ئامۆژگاریی سەبارەت بە خراپبوونی دۆخی ئەمنی لە ئێران" داوە.
وۆنگ ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان لە تاران رەوانەی ئازەربایجان دەکەن.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا دەشڵێت، "لە نزیکەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی هاوبەش لە پەیوەندیداین. لەم قۆناغەدا، توانامان بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەهۆی ئەم دۆخەوە زۆر سنووردارە. ئاسمانیش هەر داخراوە."
ئیان مککۆنڤیڵ، باڵیۆزی ئوسترالیا لە ئێران، بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا، لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی لەسەرهێڵ دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لە پلاندانان بۆ پشتگیریی ئەو ئوستورالیاییانەی کە هەوڵی رۆیشتن دەدەن لە ئێران."
تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 1500 ئوسترالی و خێزانەکانیان لە ئێران داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کردووە کە لە جێهێشتنی ئێران یارمەتییان بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ