رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە ئێران ئاشکرای کرد، لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەدا 22 قوتابی و 5 مامۆستا کوژراون.
ئەو ئامارە رۆژی یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، حوسێن سادقی، سەرۆکی ناوەندنی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران ئاشکرای کرد و هەموو ئەو ئامارانەی رەتکردەوە کە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاوکراونەتەوە.
رۆژی 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کۆی گشتیی قوربانیانی بە سێ هەزار و 117 کەس راگەیاند، کە بە گوتەی ئەوان، "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون."
ئامارەکانی حکومەت جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا هەیە.
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژرانی 7 هەزار و 15 کەس بە بەڵگەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە 226یان منداڵن و هەروەها بەدواداچوون بۆ پرسی کوژرانی 11 هەزار و 744 کەسی دیکە دەکەن، کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر فراوان بوو و توندوتیژی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 حەوزەی عیلمییە و دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ