رووداو دیجیتاڵ
کتێبخانەیەکی گشتی بە زیاتر لە 160 هەزار کتێبەوە لە تارانی پایتەختی ئێران، بە خۆڕایی کتێبەکانی دەداتە خوێنەران و شەش مانگ کاتیان پێدەدات بیانگەڕێننەوە.
سەردانکەری کتێبخانەی باخی مەلەک لە تاران دەڵێت، "لە رێگەی ئینستاگرامەوە ئێرەم ناسی. بە ڤیدیۆ بینیم و پێم وابوو جێگەیەکی سەرنجڕاکێشە کە هەموو خەڵک دەتوانن لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بێن و کتێب وەربگرن. لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوە بوو، بۆ پێدانی کتێب هیچ بەڵگەنامەیەکت لێ وەرناگرن. تارانییەکان دەتوانن بۆ ماوەی شەش مانگ، تاوەکو شەش کتێب و خەڵکی شارەکانی دیکەش تاوەکو هەشت کتێب بە ئەمانەت وەربگرن."
کتێبخانەی باخی مەلەک تاڕادەیەک لەنێو خەڵکدا دەنگی داوەتەوە، کە لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشەوە، خەڵک بەتایبەت دەچن بۆ وەرگرتنی کتێب. خوێنەرانی کتێب دەڵێن، ئەم جۆرە چالاکییە کاریگەریی نەک لەسەر تاک، لەسەر یەک بەرەی کۆمەڵگەش دەبێت.
هاووڵاتییەک دەڵێت، "دانیشتووی تاران نیم، بەڵام بەتایبەت هاتمە سەردانی ئەم کتێبخانەیە و دەستمکرد بە گەڕان بۆ کتێبە دڵخوازەکانم. نازانم ئەو کەسەی ئێرەی بنیات ناوە، چی لە مێشکیدا بووە؛ بەڵام دەزانم لێکەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگە، چاوەڕوان نەکراون. ئەو کاتەی کەسێک کتێبێک لێرە وەردەگرێت و دەیخوێنێتەوە، دواییش کە کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی خۆی و دەوروبەرەکانی دەبینێت، رەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ژیانی یەک بەرەی کۆمەڵگەدا."
ئەوانەی سەردانی کتێبخانەی باخی مەلەک دەکەن پێیان وایە، ئەم جۆرە چالاکییە کاریگەریی لەسەر کولتووری کتێب خوێندنەوە لە کۆمەڵگەدا دەبێت. ئەوەش وایکردووە بە چالاکیی خۆیانی بزانن و بەشێکیان کتێبە زیادەکانی خۆشیان پێشکێشی ئێرە بکەن.
هاووڵاتییەک ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک کتێبم هەیە، بڕیارم دا بە دیاری بیدەم بەم کتێبخانەیە بۆئەوەی خەڵک کەڵکی لێوەربگرن و کولتووری خوێندنەوەش پەرە بسێنێت. کتێبیشم زۆرە، بەڵام کەشی ئێرە ئەوەندە خۆشە حەز دەکەم بێم، دانیشم و چەندین کاژێر خەریکی خوێندنەوە بم."
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت، "بڕوانامەی دیپلۆمم هەیە، بەڵام حەزم لە خوێندنەوەی کتێب زۆرە، بەتایبەت کتێبە مێژووییەکان. بەڕاستی کارەکەیان زۆر تایبەتە، بەتایبەت لە بواری گەشەپێدان بە کولتوور. من هەم خۆم و هەمیش منداڵەکانم سوودێکی تایبەت لێرە وەردەگرین."
بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی کتێبخانەکانی ئێران، رێژەی کتێب خوێندنەوە لەو وڵاتە هەفتانە یەک کاژێر و 54 خولەکە و هەموو کتێبە ئایینییەکان، رۆژنامە و گۆڤار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ