رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی هێرشەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرادەکات و دەڵێت، گەورەترین زیان زۆر لەژێر ئاستی زەوییەوە بووە و دەستەواژەی "وێرانکردن" بۆ وەسفکردنی دیمەنەکە گونجاوە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە Truth Social نووسیویەتی: "زیانێکی مەزن بە هەموو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیێنراوە، وەک لە وێنە سەتەلایتییەکاندا دەرکەوتووە. 'وێرانکردن' دەستەواژەیەکی دروستە! گەورەترین زیان زۆر لەژێر ئاستی زەوییەوە روویداوە. رێک لە ناوەندی ئامانجەکە دراوە."
ئەم پۆستە نوێیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە چەند لێدوانێکی پێشوتردا ئاماژەی بە سەرکەوتنی هێرشەکان و زیانی "مەزن" کردبوو.
هاوکات، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن لەوانە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکان لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان "زیان و وێرانکاریی قورس" لە بنکەکاندا نیشان دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەنێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک رایانگەیاندووە کە نازانن شوێنی کۆگەکراوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە کوێیە، کە بەشی دروستکردنی چەندین چەکی ئەتۆمی دەکات.
رافاێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش، رایگەیاندووە کە پێدەچێت ئێران ئەو ماددەیەی گواستبێتەوە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ