رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا هەر "رێککەوتنێک"ـی بۆ ئاگربەست یان راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رەتکردەوە، بەڵام مەرجێکی بۆ راگرتنی هێرشەکانیان دانا.
عێراقچی نووسیویەتی: "وەک ئێران چەندین جار روونیکردووەتەوە: ئیسرائیل شەڕی دژی ئێران دەستپێکردووە، نەک بە پێچەوانەوە."
هەروەها دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر هیچ ئاگربەستێک یان راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجێک دادەنێت و دەڵێت: "بەڵام، بەو مەرجەی رژێمی ئیسرائیل دەستدرێژییە نایاساییەکانی بۆ سەر گەلی ئێران رابگرێت، کە لە کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی بە کاتی تاران درەنگتر نەبێت، ئێمە هیچ نیازێکمان نییە دوای ئەوە بەردەوام بین لە وەڵامدانەوەمان."
لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "بڕیاری کۆتایی لەسەر راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دواتر دەدرێت."
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ