رووداو دیجیتاڵ
عەلی خامنەیی داوای بەرەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی "هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ملکەچپێکردنی کۆماری ئیسلامی."
ئەو گوتانە کە رۆژی یەکشەممە 24-08-2025 لە مزگەوتێک لە تاران پێشکەش کران و لە ماڵپەڕی فەرمیی خامنەیی بڵاوکرانەوە، دوو مانگ دوای وەستانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل دێن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بۆ ماوەیەکی کورت بەشداری تێدا کرد؛ هەروەها لە کاتێکدایە تاران لەگەڵ زلهێزانی جیهان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە گفتوگۆدایە.
خامنەیی رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ ناسەقامگیرکردنی کۆماری ئیسلامی داڕێژرابوون.
رێبەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە رۆژێک دوای ئەوەی "ئێران هێرشی کرایە سەر" لەلایەن ئیسرائیلەوە، "بەکرێگیراوانی ئەمریکی" لە ئەورووپا کۆبوونەوە "بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی کام حکومەت دەبێ کاروباری ئێران دوای کۆماری ئیسلامی بەڕێوەببات."
خامنەیی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆتاییدا هەوڵی ئەوە دەدات ئێران "ملکەچی خۆی" بکات.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وایە وڵاتەکەی لە جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیراندا بەهێز دەرچووە.
عەلی خامنەیی گوتی: "نەتەوەی ئێران، بە پتەو وەستان لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، حکومەت و سیستم، گورزێکی بەهێزی لە دووژمنەکانی وەشاند."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریشی دا لە دابەشبوونی نێوخۆیی و گوتی، هێزە بیانییەکان هانی دەدەن.
خامنەیی گوتیشی: "دووژمن ناکۆکی لە ئێران دروست دەکات" و "بەکرێگیراوانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی" بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دووبەرەکی تۆمەتبار کرد.
خامنەیی لەکۆتاتییدا گوتی: "ئەمڕۆ، سوپاس بۆ خودا، وڵات یەکگرتووە. جیاوازیی بۆچوون هەیە، بەڵام کاتێک دێتە سەر بەرگریکردن لە سیستم، بەرگریکردن لە وڵات و وەستانەوە دژی دووژمن، خەڵک یەکگرتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ