لە سنە ئاگر کەوتەوە و بەرپرسی رێکخراوێکی ژینگەپارێزی گیانی لەدەستدا

25-07-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگرێکی بەرفراوان چیای ئاویەری سنەی گرتەوە و لەکاتی کۆنترۆڵکردنیدا ژینگەپارێزێک گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکە دەڵێت، جیا لە برینداربوونی 6 کەس، بەهۆی ئاگرەکەوە 150 هێکتار دارستان و زەویش سووتاون.
 
رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە 24-07-2025، لە دارستانەکانی چیای ئاویەری سەر بە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بەرزیی پلەی گەرما و خێرایی با بووە هۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە.
 
بەهزاد شەریفی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر سووتانی نزیکەی 150 هێکتار زەوی و دارستانی لێکەوتووەتەوە.
 
بەگوتەی بەهزاد شەریفی، لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا، لانیکەم 6 کەس بریندار بوون، کە تەندروستیی سێیانیان ناجێگیرە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەیانیی ئەمڕۆ یەکێک لە ژینگەپارێزانی شارەکە و بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزیی ''شنەی نۆژین'' بە ناوی حەمید مورادی، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
 
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی سنە ئاماژەی بەوە کرد، ''زیاتر لە 150 خۆبەخش، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، سەرچاوە سرووشتییەکان و تیمەکانی مانگی سووری پارێزگاکە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بەشدار بوون کە دوای چوار کاژێر توانرا بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت''. 
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێت. بەهزاد شەریفی گوتی، بەدواداچوون بۆ هۆکاری رووداوەکە دەکرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە، لە دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگاکە، 340 هەزار هێکتاری دارستان و یەک ملیۆن و 740 هەزار هێکتار لەوەڕگەیە، کە پێکەوە دەکاتە 62٪ـی رووبەری پارێزگاکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.