رووداو دیجیتاڵ
چەند دیپلۆماتێک دەڵێن، پێدەچێت سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆسەر ئێران بگەڕێندرێنەوە، ئەوەش سەرەڕای هەوڵی چین و رووسیا بۆئەوەی گفتوگۆی زیاتر بۆ رێگەگرتن لە گەڕاندنەوەیان بکرێت.
وڵاتانی زلهێزی ئەورووپا لە چەند مانگی رابردوودا هانی ئێرانیان داوە پاشگەز ببێتەوە لەو هەنگاوانەی دوای بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە لە مانگی حوزەیراندا گرتوونیەتەبەر.
ئەورووپییەکان پێیان وایە ئێران پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 نەبووە، هەربۆیە میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کارا کردووە، بەتایبەتی لەسەر کەرتەکانی بانکی و نەوت، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە بچنەوە واری جێبەجێکردنەوە.
چین و رووسیا لە دانیشتنێکی رۆژی هەینیی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رەشنووسی بڕیارێکیان خستەڕوو، کە بوار بۆ 6 مانگی دیکە بۆ گفتوگۆ دەدات.
ژمارەیەک دیپلۆمات دەڵێن، پێشبینی ناکەن پێشنیازەکە پشتگیریی 9 وڵات لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش بەدەستبهێنێت بۆ تێپەڕاندنی.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتنێک بۆ خۆلادان لە سزاکان هەیە، بەڵام ئێران تەنیا چەند کاژێرێکی لەبەردەم ماوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند: "ئێران چەندین پێشنیازێکی خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی دەرگەی دیپلۆماسی بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە."
فەرەنسا، ئێران و بەریتانیا بە ئێرانیان راگەیاندووە، دەبێت رێگەی تەواو بە پشکنەرانی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات، دەستبەجێ دەست بە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان بکاتەوە و شەفافیەت لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێندراوەوە پێشکێش بکات.
رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 سزاکانی هەڵگرت لە بەرامبەر ئەوەی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو چالاکییە ئەتۆمییە مشتومڕاویییەکانی کەمبکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییدا لە 2018 لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای تووندی تاکلایەنەی ئەمریکای سەپاندەوە، لە هەمانکاتدا گوشاری خستە سەر ئەورووپییەکانیش بۆ ئەوەی هەمان کار بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، عێراقچی لەگەڵ یڤێت کووپەر، هاوتا بەریتانییەکەی بۆ تاوتوێکردنی کێشەکە کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عێراقچی "بە تووندی رەخنەی لە هەڵوێستی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە گرتووە وەک هەڵوێستێکی بێ پاساو، نایاسایی و نابەرپرسیارانە ناوی بردووە."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی لە گوتارێکیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای سەپاندنەوەی سزاکانی کرد و داوای لە جیهان کرد لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران "بە وریایی بمێننەوە."
ئێران ماوەیەکی درێژە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە، بەڵام ئیسرائیل، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی ماوەیەکی درێژە بەهۆی چالاکییە ئەتۆمییە پێشکەوتووەکانی ئەو وڵاتەوە گومانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ