رووداو - هەولێر
وەزیری ناوخۆی ئێران رایدەگەیێنێت، بەهۆی نائارامییەکانی ئەمدواییەی ئێرانەوە 731 بانک و 140 بنکە و پێگەی حکومی سووتێنراون. رابەری باڵای ئێرانیش دەڵێت، گەلی ئێران شکستی بە پیلانگێڕییەکی گەورە و ترسناک هێنا.
عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند "70 بەنزینخانە و زیاتر لە 50 بنکە و بارەگا، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەکارهاتوون سووتێنراون.".
هەروەها رابەری باڵای ئێران بە ئاماژەکردن بە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران رایگەیاندووە، گەلی ئێران شکستی بە پیلانگێڕییەکی گەورە و ترسناک هێنا.
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەئی رابەری باڵای ئێران گوتوویەتی، "پیلانگێڕییەکی قوڵ و زۆر گەورە و زۆر ترسناک کە بە پارەیەکی زۆر پاڵپشتی کرا، لەلایەن گەلی ئێرانەوە تێکشکێنرا."
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی وەزیرە ئێرانییەکە لەبارەی ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانەوە خستوویەتییەڕوو، زیاتر لە 200 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە، کە وەزیرەکە بە "بەشداری لە نائارامییەکان" ناوی بردووە.
دوای گرانکردنی نرخی بەنزین لە هەزار تمەنەوە بۆ سێ هەزار تمەن، لە 15-11-2019 شەپۆلێکی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەشێکی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و رێکخراو و میدیا جیهانییەکانیش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی ژمارەی قوربانیان دەخەنەڕوو.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە دوایین راپۆرتیدا باسی لەوە کردووە، لانیکەم 143 خۆپێشاندەر لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، بەڵام ئێران ئەو ئامارەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵی رەتکردووەتەوە و گوتویەتی، ژمارەیەک لە خەڵکی کوژراون، لەناویاندا ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش هەن، هەروەها زیاتر لە هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، باسی لەوە کردووە کە نزیکەی چوار هەزار خۆپێشاندەر دەستگیرکراون.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوە کردووە، ''لە خۆپیشاندانەکاندا نزیکەی 50خۆپیشاندەری کورد کوژراون، سەدان خۆپیشاندەر برینداربوون و زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ