رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی کپلەر بە رووداوی راگەیاند، ئێران رۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و نزیکەی 2 ملیۆنی هەناردە دەکات.
دامەزراوەی کپلەر بۆ توێژینەوە لە بواری وزە دەڵێت، بەهۆی نەبوونی خواستەوە، نەوتی کۆگاکراوی ئێران لە دەریادا گەیشتووەتە 52 ملیۆن بەرمیل، ئەوەش بەرزترین ئاستی دوو ساڵ و نیوی رابردووە.
هۆمایۆن فەلەکشاهی، شرۆڤەکاری باڵای دامەزراوەکە بە رووداوی گوت، "لە سێ مانگی رابردوودا، ئێران رۆژانە ملیۆنێک و 960 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە ئەوە ئاستێکی بەرزە، لە بەرامبەردا رۆژانە تەنیا ملیۆنێک و 150 هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەرەکانی چین وەرگیراوە".
ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە نەوتی کۆگاکراو لە دەریاکان گەیشتووەتە زیاتر لە 50 ملیۆن بەرمیل.
ئەو شرۆڤەکارە لەبارەی هۆکاری کەمیی وەرگرتنی نەوتی ئێران لە لایەن چینەوە دەڵێت، "سزاکانی ئەمریکا هۆکارن کە پاڵاوگە چینییە سەربەخۆکان خواستیان کەمبووەتەوە بۆ کڕینی نەوتی ئێران، ئەمەش کێشەیەکی درێژخایەنە لەبەردەم هەناردەی نەوتی ئێران"
هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "پشکی هاوردەی پاڵاوگەکان بۆ ئەم ساڵ بەرەو تەواوبوون دەچێت، ئەمەش واتە چەندین پاڵاوگە بەر لەوەی دەست بە هاوردەی نەوت بکەنەوە، چاوەڕوانن پشکی ساڵی 2026ـیان بۆ دیاری بکرێت. ئەمەش کێشەیەکی کورتخایەنە".
بە بڕوای فەلەکشاهی، دەکرێت ئاستی وەرگرتنی نەوتی ئێران [لە لایەن چینەوە] لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبکات، چونکە پاڵاوگەکانی چین پشکەکانیان بۆ دیاری دەکرێت، بەتایبەتیش کە ئێستا داشکاندنی نرخی نەوتی سووکی ئێرانی بەراورد بە نەوتی ئێران، گەیشتووەتە 7 دۆلار.
وەک شرۆڤەکارەکە گوتی، "پێش شەش مانگ، جیاوازیی نرخی نەوتی سووکی ئێران لەگەڵ نەوتی برێنت، دوو دۆلار بوو. بۆیە نەوتی ئێرانی هێشتا هەرزانترین بژارەیە بۆ پاڵاوگە چینییەکان".
هۆمایۆن فەلەکشاهی پێیوایە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی نەوتی کۆکاگراو ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت داخستنی کێڵگە و بیرە نەوتەکانی دوابخات، "بەڵام بەدڵنیاییەوە لە کورتخایەندا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئێران ناچار دەبێت بەرهەمهێنان [ـی نەوت] کەمبکاتەوە".
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، بەپێی ئاماری دامەزراوەکەیان، "ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران رۆژانە 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلە. بەرهەمهێنانی گازی کۆندێنسەیتیش، 750 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ