رووداو دیجیتاڵ
سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە کۆتایی دانیشتن لەگەڵ کابینەی حەسەن رووحانی رایگەیاند کە یەک وانە زۆر گرنگە کە حکومەتی داهاتووی ئێران وەریبگرێت و ئەویش ئەوەیە کە نابێت متمانە بە وڵاتانی رۆژائاوا بکرێت.
خامنەیی سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ڤییەننا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی گوتی: "ئەمریکییەکان لەم دانوستاندنانەدا لەسەر هەڵوێستی دوژمنکارانەی خۆیان قورس و قایم راوەستاون و یەک هەنگاویش نەهاتنە پێشەوە".
دانوستاندنەکانی ڤییەننا بەهاری ئەمساڵ دەستیانپێکرد، شەش خولی بەڕێوەچوو، بەڵام زیاتر لە مانگێکە راوەستاوە، ئەمریکا دەڵێ، تۆپ لە گۆڕەپانی ئێران دایە و ئەوە ئێرانە کە دەبێت بڕیاری کۆتایی بدات.
بەگوتەی خامنەیی، ئەمریکییەکان دەیانەوێ لە رێککەوتنەکەدا بڕگەیەک سەبارەت بە پرسە مووشەکی و ناوچەییەکانی ئێران، بگونجێنن، بۆ ئەوەی دواتر دانوستاندنی لەسەر بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رۆژی سێشەممە هۆشداری دایە ئێران، کە ئەگەر لەسەر هەڵوێستی ئێستای بەردەوام بێت، نە تەنیا لاچوونی گەمارۆکانی ئەمریکا پاش دەکەوێت، بەڵکوو رێککەوتنیش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان دەکەوێتە مەترسییەوە.
رێبەری ئێران جارێکی دیکە لە کۆبوونەوە لەگەڵ کابینەی حەسەن رووحانی جەختی کردەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک "متمانە بە رۆژئاوا بکرێ" و گوتی: "لەهەر کوێ حکومەت متمانەی بە رۆژئاوا کردووە سەرکەوتوو نەبووە".
سەیدعەلی خامنەیی، رێبەریی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ دوایین جار لەگەڵ کابینەی حەسەن روحانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکە رەخنەی لە سیاسەتی حکومەتی رووحانی لە بەرامبەر وڵاتانی رۆژئاوادا گرت.
سەیدعەلی خامنەیی گوتی: بەرپرسانی دیکە "دەبێت کەڵک لە ئەزموونەکانی" کابینەی حەسەن رووحانی وەربگرن و یەکێک لەو ئەزموونانەش کە خامنەیی بە دیاریکراوی جەختی لەسەر کردووەتەوە "متمانەکردن بە رۆژئاوایە"، چونکە بەگوتەی رێبەری ئێران لە حکومەتی رووحانیدا "دەرکەوت کە متمانە بە رۆژئاوا وەڵام ناداتەوە".
رێبەری ئێران ئەم قسانەی لە کاتێکدا کردووە کە حکومەتی حەسەن رووحانی تەنیا 8 رۆژی ماوە و دوای ئەوە حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت، کە بۆ پەیوەندیی لەگەڵ رۆژئاوا روانگەیەکی نزیک لە رێبەری ئێرانی هەیە.
ئیبراهیم رەئیسی لە یەکەمین کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی لە رۆژی 21-6-2021 دوای دەنگهێنانەوەی وەک سەرۆککۆماری ئێران لە وەڵامی پرسیارێک کە ئامادەیە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا کۆبێتەوە، راشکاوانە گوتی: "نەخێر".
رێبەری ئێران لە رابردووشدا زۆرجاران پێداگریی لەسەر متمانەنەکردن بە وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا کردووەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە رەزامەندیی رێبەر خۆی بەڕێوەدەچێت. لەوانە دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران.
سیاسەتی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لەسەر بنەمای کرانەوە بەڕووی جیهان و سیاسەتی پێکەوە هاوکاری و پێکەوە سازان بوو. لەسەر ئەم بنەمایەش حکومەتی رووحانی هەوڵیدا رێککەوتنی ئەتۆمی بێتە ئاراوە.
دوای رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015، دۆخی ئابووریی ئێران بەرەو باشتربوون چوو و ئابووری ئەو وڵاتە دوای چەندین ساڵ گەشەی ئەرێنی هەبوو. بەڵام چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنەوەی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا لە ساڵی 2018 هەموو بەرنامەکانی حکومەتی رووحانی تێکدا و ئابووری ئەو وڵاتە رووبەڕووی قۆناخێکی ئەستەم بووەوە.
سەیدعەلی خامنەیی 9-5-2021 تەنیا رۆژێک دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، گوتی: "زۆر جاران گوتوومە متمانە بە ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەوروپی نەکەن".
رێبەری ئێران رۆژی 3-11-2019 گوتی: "هەندێ کەس کە پێیانوایە بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کێشەکان چارەسەر دەبێت، بە تەواوەتی هەڵە دەکەن و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ ئەنجامێکی نابێت".
خامنەیی پێیوایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەر هەنگاوێک لە بەرامبەر داواکارییەکانی رۆژئاواییەکان و ئەمریکادا پاشەکشێ بکات، ئەوە ئەو وڵاتانە داواکاریی زیاتریان دەبێت و گوشاری زیاتر بۆ ئێران دێنن.
ئەو رۆژی 16-12-2020 گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک و دروستبوونی داهاتووی وڵات متمانە بە بەڵێنی ئەم و ئەو نەکەن"، "متمانە بە دوژمن نەکەن" و نابێت "دوژمنایەتییەکان لە بیر بەرنەوە".
رێبەری ئێران لە دوایین کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ کابینەی رووحانیدا گوتی: "بەهیچ شێوەیەک نابێت پلانە ناوخۆییەکان ببەسترێتەوە بە هاوڕێیەتی لەگەڵ رۆژئاوا، چونکە بێگومان شکست دێنێت".
ئەو رووی لە کابینەی رووحانی کرد و گوتی: "لە هەر کوێ کارەکان بەسترانەوە بە رۆژئاوا و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، سەرکەوتوو نەبوون و لە هەر کوێ متمانە بە رۆژئاوا نەکرا و هیوابڕاوبوون لەوان، سەرکەوتوو بوون و کارەکان پێشڤەچوونیان هەبوو".
حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران، هۆکاری شکستی حکومەتەکەی لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی ئێران بە گەمارۆکانی ئەمریکاوە دەبەستێتەوە، بەڵام هاوکات دەڵێت: ئەگەر یاسایەکی پەرلەمانی ئێران نەبووایە پێش نەورۆزی ئەمساڵ دەیانتوانی گەمارۆکان لابدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ