رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لەعێراق بەهۆی تەواوبوونی کارەکانی، پەیامێکی ماڵئاوایی بەجێهێشت و دەڵێت لەماوەی کارکردنیدا رۆژانی قورس و ئاسانیشی بەڕێکردووە، رۆژی رووداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس لە رۆژە قورسەکانی بوون، دەشڵێت "ئامانجی کۆتاییمان لابردنی ڤیزەیە لەسەر هاووڵاتیانی هەردوو وڵات بەتەواوەتی و بەستنەوەی نێوانیان بە هێڵی شەمەندەفەر و دروستکردنی رێگەیەکی خێرایە لە نەجەفی پیرۆزەوە بگاتە شاری پیرۆزی مەشهەد."
رۆژی هەینی 29ی نیسانی 2022، ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق پەیامی ماڵئاوایی وەکو باڵیۆز بەجێهێشت و ئاڕاستەی گەنجان و پیاوانی دەوڵەت لە بەغدا، هەرێمی کوردستان، وەزیران، سەرۆک، مەرجەع، زاناکان، سەرۆکی هۆزەکان و چەندین توێژی دیکەی کردووە، تێیدا دەڵێت: "دوایین رۆژەکانم لە ئەرکە دیپلۆماسییەکانم وەکو باڵیۆزی سەروو نەریت و رێگەپێدراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆماری عێراق بەڕێ دەکەم و خۆم بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمانەکەم ئامادە دەکەم، سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئەو یارمەتی و هاوکارییەی لەو ماوەیەدا پێشکەشتان کردووم، ماڵئاوایی لەگەڵ عێراق ئەم خاکە پیرۆزە، خاکی پەیامبەران و ئیمام و ئەولیاکان لەوە قورسترە وشەکان گوزارشتی لێ بکەن، سوپاسی خودا دەکەم سەریخستم لەو ماوەیە خزمەتکارێکی بچووکی ئێوە و گەلی مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران بم."
لە پێنج ساڵی رابردوودا کە تێیدا ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران بوو لە عێراق، چەندین رووداوی گەورە روویاندا، لەوانە خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 و هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکانی وڵاتەکە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە، کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە کانوونی دووەمی 2020 و هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی 13ی ئاداری 2022ی سەر هەولێر کە سوپای پاسداران بەرپرسیارێتییەکەی گرتەئەستۆ، لەگەڵ دابەشبوونی شیعەکان بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2003 بەهۆی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021.
لە پەیامەکەیدا مەسجدی دەڵێت: "ماوەی مانەوەم لەعێراق وەکو هەر ماوەیەکی دیکەی ژیانی مرۆڤ چەندین وەرچەرخان و رۆژانی قورس و ئاسانی تێدابوو، رۆژی شەهیدکردنی دوو سەرکردە مەزنەکەی بەرگریی، سەرکردە فەریق حاجی قاسم سولەیمانی و سەرکردە ئەبو مەهدی موهەندیس لەو رۆژانەیە کە برینێکە سارێژنابێت، بەڵام تێکەڵبوونی خوێنی ئەو دوو پاڵەوانە و هاورێکانیان پەیوەندییەکی مەزنی لەنێوان هەردوو گەلی ئێران و عێراق دروستکرد"
باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "برا و خوشکانم مەزنیی چلەی ئیمامی حوسێن دیمەنێکی ناوازەیە بۆ پێکەوەبەستنی دڵی هەموو شیعە و پەیڕەوانی ئیمام و ئەوانەی لەسەر رێڕەوەکەی دەڕۆن لەگەڵ باوەڕداران بە بەرگریی، هەرگیز بەخششی گەلی عێراق و میواندۆستی و دڵسۆزیی و وەفای لەبیرناکەم بەتایبەت سەرۆک هۆزە بەخشندەکان بەرامبەر بە ملیۆنەها سەردانیکار و شاهێدی لەسەر ئەوە دەدەم."
ئیرەج مەسجدی، کە لە لیستی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بە تۆمەتی کارەکانی سوپای قودس لە عێراق و راهێنان و سەرپەرشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە بەرپرسن لە چەندین هێرش بۆ سەر ئەمریکییەکان لە عێراق.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێرانی سەردانی مەزارەکانی ئیمامەکانی شیعە لە عێراق دەکەن. مەسجدی دەڵێت: "چەندینجار گوتوومە ئامانجی گەورەم لابردنی سەرجەم رێگرییەکانە کە رێگە لە هاتوەچۆی ئاسان و ئازادی هاووڵاتیانی هەردوو وڵات لەنێو خۆیاندا دەکەن، نەهێشتنی ڤیزا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی و عێراق لە گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوولا هەنگاوی یەکەمە، بەڵام ئامانجی کۆتاییمان لابردنی ڤیزەیە لەسەر هاووڵاتیانی هەردوو وڵات بەتەواوەتی و بەستنەوەی نێوانیان بە هێڵی شەمەندەفەر و دروستکردنی رێگەیەکی خێرایە لە نەجەفی پیرۆزەوە بگاتە شاری پیرۆزی مەشهەد".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێرانیشەوە، مەسجدی دەڵێت: "گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لەلایەن دوژمنانمانەوە تائێستاش جێی دڵپێخۆشنەبوون و رق و کینە بووە، چونکە دەزانن پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی هێزی مەزن، گومانیشی تێدا نییە رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشە پێویستی بە هۆشیاری و هەوڵەکانمان هەیە لە رێڕەوی تۆکمەکردنی پەیوەندییەکان و سوپاس بۆ خوا نیشانەکانی ئەو هۆشیاری و بینینە تەنانەت لەلایەن گەنجانی هەردوو وڵاتیشەوە دەرکەوتووە و ئێمە دڵنیاین ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان دەکات."
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەساڵی 1957 لە شاری عەبادانی پارێزگای خوزستانی ئێران لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە مێژوو لە زانکۆی شەهید بەهەشتی بەدەستهێناوە، لە رۆژی 11ی نیسانی 2017 کارنامەی پێشکەش بە وەزیری دەرەوەی عێراق کرد و کارەکانی وەکو باڵیۆزی ئێران دەستپێکرد.
ئیرەج مەسجدی شوێنی حەسەن دانایی فەرد گرتەوە کە هەردووکیان لە سوپای پاسداران خزمەتی دەیان ساڵەیان هەیە.
مەسجدی بەرپرسی قەرارگەی رەمەزان و سوپای قودس بووە، رۆژی 11ی نیسانی 2022 حکومەتی ئێران رایگەیاند حوسێن ئال سادقی وەکو باڵیۆزی وڵاتەکە لەعێراق دەستنیشانکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ