سوپای پاسداران "دۆزەخ" نیشانی خەڵک دەدات

29-05-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای ئێران وێنەی کردنەوەی پڕۆژەیەکی سوپای پاسدارانیان لە شاری فومەن بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "بە کاتی بەهەشت"، کە تێیدا "دۆزەخ و پردی سیرات" نمایشکراون.
 
موحسین جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی فومەن، سەبارەت بەم پڕۆژەیە رایگەیاند: "هاووڵاتیان ئەزموونێکی شێوێندراویان هەیە لەگەڵ چەمکەکانی وەک دۆخی ناو گۆڕ، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەکیر و مونکەر و تێپەڕین بەسەر پردی سیرات."
 
فەرماندەی سوپای فومەن دەشڵێت، لەم پڕۆژەیەدا بەهەشتیشیان دووبارە دروستکردووەتەوە و پڕۆژەکە بە راوێژی مەرجەعە ئایینییەکانی شاری قوم جێبەجێ کراوە.
 
بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی دۆزەخ، کاردانەوەی نەرێنی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانەش نوێنەرێکی پێشووی گییەڵان لە پەرلەمانی ئێران داوای کردووە بەرپرسان خۆیان بەم "دۆزەخە"دا تێپەڕن.
 
غوڵامعەلی جەعفەرزادە ئیمانئابادی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنای راگەیاندووە: "بەداخەوە ئەم کارە [دروستکردنی نمونەی دۆزەخ] بە هیچ شێوەیەک کارێکی رۆشنبیرانە نییە و کاردانەوەی زۆر نەرێنی لەنێو کۆمەڵگەدا هەبووە". ئیمانئابادی دەڵێ: "ئێستا کە ئەم تێچووەش کراوە و بە هەر شێوازێک بێت دۆزەخێک دروستکراوە، هیچ کێشەیەک نییە. ئێمە هەزاران بەرپرسیشمان هەن کە ژمارەیان کەم نییە. با نۆرەیان بۆ دابنرێت و هەموویان بەسەر ئەم پردەدا تێپەڕن."
 
دۆزەخەکە، بە شێوازی پێنج رەهەندی نمایش دەکرێت، تەنیا پشت بە تەکنەلۆژیا نابەستێت، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە نواندن، رووناکی، دەنگ، مۆسیقای زیندوو، تەقینەوەی کۆنترۆڵکراو، بڵێسەی ئاگر و گێڕانەوەی مەیدانی کە سەردانکاران لە تەماشاکەرەوە دەباتە نێو رووداوەکانەوە.
 
یەکێک لە سەردانکەرانی خەڵکی بەندەر ئەنزەلی کە بۆ شەوی دووەمی نمایشەکە لەگەڵ خێزانەکەی چووبووە فومەن، دەڵێت: "لێرە مرۆڤ تەنیا نابینێت، لێرە مرۆڤ دەلەرزێ، دەگری و بیر دەکاتەوە."
 
دەرهێنەری نمایشەکە [دۆزەخ] رایگەیاندووە، ئەم نمایشە تەنیا هونەر نییە، بەڵکو "پابەندبوونێکە بە راستی و، هەلێکە بۆ بیستن و بینینی ئەوەی کە میدیا دژبەرەکان هەرگیز رێگە نادەن نەوەی ئەمڕۆ رووبەڕووی ببێتەوە."
 
رێکخەرانی پڕۆژەکە لە وەڵامی رەخنەکاندا جەخت لەسەر "رووحی رووناککەرەوە و کاریگەری ئەم پڕۆژەیە لەسەر توێژی هەرزەکار و گەنجان" دەکەنەوە. 
 
ئەوان دەڵێن، لە سەردەمێکدا کە زۆربەی بەرهەمە وێنەییەکان، منداڵان و خێزانەکان بە "جیهانێکی بێ مانا و بەتاڵ لە خودا" سەرقاڵ دەکەن، پڕۆژەی بە کاتی بەهەشت، هەوڵدەدات راستی لە چوارچێوەیەکی هونەری و بەرجەستەدا نمایش بکات.
 
ئەوان پێیان وایە دروستکردنی دۆزەخ، هێمایەکە بۆ دەرئەنجامەکانی ستەم، تاوان و بێباکیی بەرامبەر بە چارەنووسی مرۆڤایەتی و، هیچی دیکە نییە لە دەرەوەی فێرکارییە ئایینی و بیروباوەڕەکان.
 
باس لەوەش دەکەن، گەنجان کە لەم نمایشە دێنە دەرەوە، تەنیا بینەری دیمەنەکان نین، بەڵکو زۆرجار "بە چاوی پڕ لە فرمێسک، دڵێکی گۆڕاو و نیگایەکی نوێوە بۆ ژیان دەگەڕێنەوە." ئەم کاریگەرییە بە گوتەی ئەوان، "هەمان ئەو شتەیە کە دوژمن بەرگەی بینینی ناگرێ."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە