رووداو دیجیتاڵ
عەلی لاریجانی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی، بۆ یەکەمجار وردەکاری و نهێنییەکانی "شەڕی 12 رۆژەی" نێوان ئێران و ئیسرائیلی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا پلانیان هەبوو سەرکردایەتیی ئێران لەناوببەن و لە ماوەی شەش رۆژدا وڵاتەکە هەڵبوەشێننەوە، بەڵام رووبەڕووی بەرگرییەکی سەخت بوونەوە و "کش و مات" کران.
لاریجانی لە سەرەتای قسەکانیدا دانی بەوەدانا لە دەستپێکی رووبەڕووبوونەوەکەدا ئێران لە دۆخێکی لاوازدا بووە و گوتی: "لە یەکەم رۆژی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رژێمی زایۆنی، دەستمان بە گشتی خاڵی بوو و ئەوان ئێمەیان غافڵگیر کرد."
پلانی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی رژێم
بە گوتەی لاریجانی، پلانی ئیسرائیل لە سەرەتاوە روون بووە. ئاماژەی بەوە کرد: "لە رۆژی سێیەمی شەڕەکەدا، نەتانیاهوو دەستەواژەیەکی بەکارهێنا و گوتی 'گۆڕینی رژێمی ئێران بە دڵنیاییەوە دەکرێت ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بێت'."
زیاتر گوتی: "لەو رۆژەدا هێشتا دۆخی سەربازیی شەڕەکە بە رێژەی 40-60٪ لە بەرژەوەندیی ئەواندا بوو، سەرەڕای ئەوەی ئێران هێرشی جیدیتری ئەنجام دابوو."
رۆژی چوارەم؛ خاڵی وەرچەرخان
راوێژکاری خامنەیی رۆژی چوارەمی شەڕەکەی بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ وەسف کرد و گوتی: "رۆژی چوارەمی شەڕەکە لەبیر مەکەن، چونکە هەم جۆری هێرشەکانی ئێران گۆڕدرابوو و کاریگەریی زۆری هەبوو، هەمیش ئەوان دیزاینێکی نوێیان بۆ گۆڕانکارییەکی سیاسیی نوێ لە ئێراندا هەبوو و دەیانویست کاری ئێران یەکلایی بکەنەوە."
لاریجانی ئاماژەی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ ئیسرائیل کرد و گوتی، لەو رۆژەدا گرووپی حەوت (G7) کۆبوونەوەیەکیان کردبوو، کە بەیاننامەکەیانتان بینی کە بەرگرییان لە ئیسرائیل دەکرد: "سەرۆکی فەرەنسا گوتی ئامادەن بەرگری لە ئیسرائیل بکەن، ترەمپیش گوتی ئێران لەم شەڕەدا سەرناکەوێت."
پیلانی کوشتنی سەرکردەکانی ئێران
لاریجانی مەترسیدارترین پلانی ئیسرائیلی بۆ سەر حکومەتی تاران ئاشکرا کرد و گوتی: "نەتانیاهوو قسەیەکی نوێی کرد و گوتی 'کردنەئامانجی رێبەری ئێران نابێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان، بەڵکو دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنیان.' واتە لەو رۆژەوە بۆ چەند رۆژێک، باسی تیرۆرکردنی رێبەر لە روانگەی نەتەنیاهوو و ترەمپەوە هاتە ئاراوە."
زیاتر روونیکردەوە: "هەر لەو رۆژەدا، ئۆپەراسیۆنێک دژی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە ئێران ئەنجامدرا. ئەوان شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکەیان دۆزیبووەوە و ویستیان بە بۆردوومان هەموویان لەنێوببەن."
گوتارەکەی رێبەر
لاریجانی هۆکاری سەرنەکەوتنی پلانی ئیسرائیلی بۆ "رەسەنایەتی" گەلی ئێران گەڕاندەوە و گوتی: "گەلی ئێران گەلێکی خاوەن رەگ و ریشەن و هەزاران ساڵ شارستانییەتیان هەیە. ئەوان بیریان لەم یەکگرتووییە نەکردبووەوە و لێی تێنەگەیشتن. ترەمپ و دارودەستەکەی تێنەگەیشتبوون کە پێکهاتەی گەلی ئێران جیاوازە لە پێکهاتەی رژێمی زایۆنی؛ لەوێ خەڵک لە وڵاتی جیاوازەوە کۆبوونەتەوە، بەڵام لە ئێران هەموو نەتەوە جیاوازەکان پێکەوە وەستان."
ئەو گوتارێکی رێبەری ئێرانی بە خاڵی وەرچەرخانی شەڕەکە دانا و گوتی: "لە نێوەندی شەڕەکەدا، رێبەر گوتارێک پێشکێش دەکات و وەڵامێکی تووندی ترەمپ دەداتەوە. ئەم گوتارە خاڵی وەرچەرخانی جەنگەکە بوو. رێبەر دەڵێت: 'ئێوە ئێران ناناسن، ئێران خۆی بەدەستەوە نادات'."
شەڕێکی دەروونی؛ کش و مات
لاریجانی باسی لەوە کرد کە چۆن دۆخەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە: "ئەوان دەیانویست لە ماوەی شەش رۆژدا تەواوی ئێران تێکبدەن، بەڵام لە رۆژی شەشەمدا گورزە مووشەکییەکانی ئێران زۆر زیاد بووە."
بە گوتەی لاریجانی، یەکێک لە ئەفسەرە ئیسرائیلییەکان لەو رۆژەدا گوتوویەتی: "کاتێک ئەم دیمەنانە دەبینم، هەست دەکەم لە خان یونس یان بەیت حانوونم، شوێنە مووشەکباران کراوەکانی ئیسرائیل وەک گۆڕەپانی جەنگ بوون."
لاریجانی دەڵێت، ترەمپ سەرەتا گوتبووی دوو هەفتە چاوەڕێ دەکات، بەڵام دوو رۆژ دواتر هێرشی کرد. ئەو گوتی: "لە رۆژی دەیەمی شەڕدا، ترەمپ فەرمانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنزی دەرکرد و وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند 'تەواوی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێرانمان لەناوبرد'. بەڵام ئەمە تەنیا شەڕێکی دەروونی بوو."
لاریجانی: ئیسرائیل 12 کاژێری پێدام؛ هەڵاتن یان مەرگ
لاریجانی لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "دوژمن هەوڵیدا بە ئۆپەراسیۆنی دەروونی سیستمەکەمان تێکبدات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. گەل هاتە مەیدان و پشتیوانیی سیستمیان کرد. رۆژنامەی گاردیانیش نووسیویەتی سیستمی ئێران زۆر لەوە بەهێزترە کە ئەمریکا و ئیسرائیل بیریان لێدەکردەوە. دوژمن لەم شەڕەدا کش و مات کرا و ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن."
ئاماژەی بەوەشکرد، "کەسانی سەر بە رژێمی زایۆنی، رۆژی هەینی پەیوەندییان پێوە کردم و پێیان گوتم 12 کاژێرت لەبەردەستە کە وڵات بەجێبهێڵیت، ئەگەر نا تووشی هەمان چارەنووسی رەشید و باقری دەبیتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ