رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپا و راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی، تاوتوێی وەشاندنی گورزی سەربازیی "دیاریکراو" بۆ سەر ئێران دەکات. ئامانج لەو هێرشانە پەکخستنی توانای هێزە ئەمنییەکان و زەمینە خۆشکردنە بۆ هەڵگیرساندنەوەی خۆپێشاندانەکان.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی زانیاریی پێنج سەرچاوەی ئاگادار، واشنتن دەیەوێت لە رێگەی لێدانی ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران، ورەی خۆپێشاندەران بەرزبکاتەوە و "توانای سەرکوتکاریی تاران" پەکبخات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە "تووندوتیژییەکان"ی دوو هەفتەی رابردووی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووەتە هۆی ساردبوونەوەی کاتیی شەقام، بۆیە دەیەوێت دەستوەردان بکات. یەکێک لە سەرچاوەکان بە ئاژانسەکەی گوتووە: "ترەمپ دەیەوێت نیشانی بدات کە 'هاوکاری لە رێگەیە' تەنیا دروشم نییە، بەڵکو کردەوەیەکی سەربازیی راستەقینەیە بۆ پاراستنی ئەو گەلەی بە دەستی بەتاڵ رووبەڕووی سەرکوتکردن دەبنەوە."
سەبارەت بە هەڵوێستی ناوخۆیی ئیدارەی ترەمپ، راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ناکۆکی هەیە؛ لە کاتێکدا کۆشکی سپی گوشار بۆ وەشاندنی گورزی خێرا دەکات، بەرپرسانی پێنتاگۆن هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە رەنگە تاران ناچار بکات پەنا بۆ جەنگێکی گشتگیر بەرێت، یان هێرش بکاتە سەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.
هەڵکشانی گرژییەکان لەکاتێکدایە، سوپای ئەمریکا کەشتیگەلی "ئەبراهام لینکن"ـی گەیاندووەتە ناوچەکە و فڕۆکە جەنگییەکانی لە قەتەر و سعودیە خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ترەمپ جەختی کردووەتەوە نابێت رێگە بدرێت ئێران "بەتەنیا و بێدەنگ" گەلەکەی کۆمەڵکوژ بکات.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR)، تاوەکو ئێستا زیاتر شەش هەزار و 300 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران کوژراون، بەڵام حکومەت دەڵێت تەنیا 3117 کەس کوژراون، بە گوتەی حکومەت زۆربەیان لە هێزە ئەمنیی و خەڵکی بێ تاوان بوون.
مێژووی ئەم ململانێیە تووندە بۆ مانگی حوزەیرانی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردوومان کرد و تاران لە وەڵامدا بنکەی "ئەلعوزەید"ـی لە قەتەر مووشەکباران کرد. ئێستا تێکەڵبوونی قەیرانی دارایی، داڕمانی تمەن و تووڕەیی شەقام، ئێرانی خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ