رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئێران لە کۆبوونەوەیەکیاندا لە ئیستەنبووڵ، تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوانیانیان کرد. هاکان فیدان نیگەرانی وڵاتەکەی لە گیانلەدەستدانی خۆپێشاندەرانی ئێران نیشاندا و هۆشداریشی دا لەوەی پەکەکە سوود لە ئاڵۆزییەکان وەربگرێت، هاوکات عەباس عێراقچی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندنی ئەتۆمی دەربڕی بە مەرجێک لە هەلومەرجی گونجاودا بێت.
ڕۆژی هەینی (30-01-2026)، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
هاکان فیدان: پەکەکە (پژاک) دەیەوێت سوود لە دۆخی ئێران وەربگرێت
هاکان فیدان لە گوتەکانی دا جەختی لە گرنگیی سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ کردەوە و رایگەیاند: "سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بۆ ئێمە گرنگە و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین."
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوخۆی ئێران، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "نیگەرانین لە گیانلەدەستدانی خۆپێشاندەران لە ئێران، بەڵام دڵخۆشین بەو هەوڵانەی بۆ ئەرێنی بردنی دۆخەکە لە ئارادان." هاکان فیدان رایگەیاند: "پەکەکە دەیەوێت سوود لە دۆخی ئێستای ئێران وەربگرێت."
وەزیرە تورکییەکە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر پرسە هەرێمییەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بڕوایان "بە دیپلۆماسییەتە" و هەر دەستوەردانێکی سەربازی رەتدەکەنەوە، بەتایبەت لە سووریا کە بە گوتەی ئەو "هەوڵەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی سووریا رەتدەکەینەوە و چاودێریی دانوستاندنەکان دەکەین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ستایشی هەنگاوە نوێیەکانی عێراقی کرد و گواستنەوەی زیندانیانی داعشی بۆ ئەو وڵاتە بە "کارێکی گرنگ" وەسف کرد، هەروەها گوتی: "حکومەتی نوێی عێراق کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت."
عێراقچی: یەکێتیی ئەورووپا بەرەو لاوازبوون دەچێت
لەلایەن خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی هەڵوێستەکانی تورکیای کرد و رایگەیاند، لەو ماوەیەی "دەستوەردان لە مافی ئێرانییەکان دەکرا"، تورکیا "هەڵوێستی بەبەهای" هەبووە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، عێراقچی رایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین بڕیارێک بەسەرماندا بسەپێندرێت، بەڵام ئێران ئامادەیە جارێکی دیکە بچێتە نێو دانوستاندنی ئەتۆمییەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری لە هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا گوتی: "ئەگەر شەڕ رووبدا، هەموو لایەک زەرەرمەند دەبن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تاران و ئەنقەرە هاوڕان لەسەر ئەوەی دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار دەبات.
عێراقچی رەخنەی لە یەکێتیی ئەورووپا گرت و بڕیاری ناساندنی سوپای پاسدارانی وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" بە هەڵەیەکی گەورە ناوبرد و گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا رێکخراوێکە بەرەو لاوازبوون دەچێت و رۆڵی نێودەوڵەتی خۆی لەدەستداوە."
لە کۆتایی قسەکانی دا، عێراقچی پیرۆزبایی هەڵبژاردنەکانی عێراقی لە گەلی ئەو وڵاتە کرد و داوای کۆتاییهێنان بە "کۆمەڵکوژیی غەززە"ی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ