کرێی خانوو لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 55٪ بەرزبووەتەوە

30-11-2021
فریا یونسی
کرێ خانوو لە ئیلام ژیانی کرێنشینانی زەحمەت کردووە
کرێ خانوو لە ئیلام ژیانی کرێنشینانی زەحمەت کردووە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کرێی خانوو لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان تەنگی بە خەڵکی کرێنشین هەڵچنیوە. بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنی نوسینگەکانی خانووبەرەی پارێزگای ئیلام، 60٪ تاوەکو 70٪ی داهاتی خێزانە کرێچییەکان لەو پارێزگایە بۆ کرێ دەڕوات.
 
کرێچییەکی دانیشتووی ئیلام دەڵێت، "بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە خۆم کرێچیم، دەبینم کە بەهۆی نەبوونی چاودێریی پێویستەوە، نرخی کرێی خانوو ساڵ دوای ساڵ بەرزتر دەبێت؛ بە سەرنجدان بە کۆرۆنا و بێکاربوونی بەشی زۆری دەستی کار، کرێی زۆری لەم جۆرە لە ئاستی پارێزگای ئیلامدا نییە".
 
ئەردەشیر حاتەمی، سەرۆکی یەکێتیی پیشەیی نووسینگەکانی خانووبەرەی ئیلام دەڵێ: "کرێ خانوو لە ئیلام لە تەواوی ئێران بەرزترە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن و گلەیی لەم دۆخە دەکەن". 
 
حکومەت هەوڵیداوە بە گرتنەبەری هەندێ رێکار کرێ کۆنترۆڵ بکات، بەڵام وادیارە سەرکەوتوو نەبووە. 
 
حکومەتی ئێران بەهاری ئەمساڵ بڕیاریدا کە نابێت خاوەن خانووەکان نرخی کرێ لە 20٪ زیاتر بکەن. هەروەها بڕیاریشی دا باج لە خانووە چۆڵەکان وەربگرێت، بەڵام ئەمەش ئەنجامێکی روونی نەبووە.
 
خاوەن نوسینگەیەکی خانووبەرە دەڵێت، "بە داخەوە هیچ چاودێرییەک بەسەر نرخی کرێی خانووەوە نییە. ئەو خاوەن خانووانەی کە سەردانی ئێمە دەکەن، باسی هەڵاوسان لە رادەبەدەر دەکەن، دەڵێن، خەرجییەکانی ئێمە چوار پێنج شەس قات بەرز بووەتەوە و ئەگەر 15٪ تاوەکو 20٪ نرخی کرێ خانوو زیاد بکەین، ناتوانین خەرجییەکانمان دابین بکەین. لەلایەکی دیکەش کرێچییەکان گوشاریان لەسەر ناتوانن زیاتر 15٪-20٪ کرێ بدەن".
 
بەپێی راپۆرتێکی نوێ کە بانکی ناوەندیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کرێی خانوو لە دووەم مانگی پاییزی ئەمساڵدا لەچاو کاتی هاوشێوەی ساڵی پار 55٪ زیادی کردووە.
 
لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای تمەن، نرخی خانووبەرەش زیادی کرد. هاوشانی ئەمە نرخی کرێش زیادی کرد. 
 
کرێچییەکان لە توێژە کەمداهاتەکانن، ئەو توێژانەی کە رەوشی ئابووریی ئێران کاریگەریی زۆر لەسەر بارودۆخیان هەیە و توانای دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی ژیانیان نییە. بەشێک لە کرێچییەکان خەڵکی کرێکارن و تەنانەت کاریشیان زۆر بە کەمیی دەستدەکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران.

جێگرەکەی: دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان چارەسەر نییە

جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەکەن و رایدەگەیێنێت، جێهێشتنی بەرپرسیارێتی چارەسەر نییە و دەپرسێت: "لە دۆخێکی ئاوادا ئێران چی بەسەر دێت؟".