کەمیی دەرمان داخی تووشبووانی شێرپەنجەی لە لوبنان گرانتر کردووە

31-12-2023
سیمبولی شێرپەنجە.
سیمبولی شێرپەنجە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی کەمیی دەرمان و گرانبوونی نرخەکەی، بەشێک لە تووشبووانی شێرپەنجە لەبەردەم ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە بەیروتی پایتەخت خۆپێشاندانیان کرد و ناڕەزاییان دەربڕی.
 
ریما خەلیل، توشبووی شێرپەنجەیە و دەڵێت، "من تووشبووی شێرپەنجەم و مانگانە سێ جار چارەسەر وەردەگرم. حکومەت هاوکاریمان ناکات؛ هەندێکجار دەرمان هەیە و هەندێکجار نییە. نرخی چارەسەر لە نەخۆشخانەکان زۆر گرانە".
 
لە ساڵی 2018ـەوە لە لوبنان نرخی دەرمان بەڕێژەی  1123٪ بەرزبووەتەوە.
 
نزیکەی 30 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە لوبنان هەن؛ هەریەکەشیان ساڵانە پێویستیان بە شەش هەزار و 475 دۆلارە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
 
پێشتریش لە تشرینی دووەمی 2021، بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە حکومەتی لوبنان یارمەتییەکانی بۆ کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتە لە 120 ملیۆن دۆلاری مانگانەوە بۆ 35 ملیۆن دۆلاری مانگانە کەمکردەوە. 
  
رەشا ئەبی جومعە، توشبووی شێرپەنجە باس لەوە دەکات، "بەداخەوە، لە لوبنان شەڕ بۆ بچووکترین مافمان دەکەین کە دەرمانە. بەهۆی نەمانی دەرمانەوە هەموو نەخۆشەکان ئازار دەچێژن؛ دەبێت هاوار بکەین و شەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانمان بکەین".
 
لە نیسانی 2022دا، بانکی ناوەندیی و حکومەتی لوبنان مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند و ئێستاش هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 250٪، ئەمەش زیانی تەواوەتی لە کەرتی تەندروستی و کەرتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە داوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە